ڤیزای یەک ساڵی سعوودییە بۆ گەشتیارییە نەک حەج

وێنەی مەککە ماڵی خوا
وێنەی مەککە ماڵی خوا

نووسینگەیەکی فڕۆکەوانی ڕایگەیاند، ڤیزا چەند جۆرێکی هەیە، ئەو هاووڵاتییانەی ڕێوڕەسمی حەجیان کرد ڤیزای یەک ساڵی بوو.

یەکشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2024، کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سعودییە ساڵانە ڤیزای گەشتیاریی دەدات بە هاوولاتییان بۆ ئەوەی وەک گەشتیار سەردانی ولاتەکەی بکرێت، بەتایبەت بەم دواییانە کە یاریزانی ناوداری پرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، چووە ناو یەکێک لە یانەکانی، یانەی "نەسری سعودیی"، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر ڕوو لەو وڵاتە بکات.

ئەو دەڵێت، "ئەو ڤیزایەی دراوە بە هاووڵاتییانی کوردستان، بۆ گەشتیاری بووە هەروەها لەسەر ڤیزاکەیان نووسراوە "ڤیزای گەشتیاری" بەڵام هاووڵاتییان ئەو هەلەیان قۆستووەتەوە لەو ڕێگەوە حەجیان کردووە".

ئەو کۆمپانیاکە دەشڵێت، "سەرەتا، نرخی ڤیزای ساڵی نرخەکەی بە 300 بۆ 350 دۆلار بوو، دوای ئەوەی خواستی زۆری لەسەر بوو، نرخەکەی گران بوو، بوو بە نزیکەی هەزار و 200 دۆلار، بەڵام هاووڵاتییانی کوردستان وەک "حیلە شەرعی" بەکاریان دەهێنا، واتە سەفەرەکەیان بۆ وڵاتی سعوودییە نەدەکرد تاکو نزیک بۆیەوە لە ڕێوڕەسمی حەج، بەو شێوەیە دەڕۆشتن بۆ سعوودییە و حەجەکەیان دەکرد".

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش دا، "خۆی سعوودییە ساڵانە ڕێژەیەک ڤیزای دیاری کردووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییەکانی دەیانەوێت حەج بکەن، وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانیش هەر لەو ڕێگەوە ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی وەردەگرێت و ڕێوڕەسمی حەج دەکەن، بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئێستە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەلات بە کوردستانیشەوە ئەو حیلە شەرعیەیە کە هاووڵاتییانی کردوویانەوە".

ئەو نووسینگەیە ڕاشیگەیاند، "پێشووتر هاووڵاتییان لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارکرانەوە کە ئەو جۆرە سەفەرە نەکەن، بەڵام هاووڵاتییان داواکەی حکوومەتییان پشتگوێ خست و زۆرێکیش لەو حاجییانە لە سعوودییە لەکاتی  ڕێوڕەسمی حەجدا گیان سپاردووە".

ڤیزەی گەشتیاریی سعوودییە چەند جۆرێکی هەیە، یەک مانگی، سێ مانگی، شەش مانگی و ساڵی، بەڵام بەر لە ڕێورەسمی حەج ئەو ڤیزایە ڕاگیرا، بەڵام ئێستە ڤیزای یەک مانگی هەیە.

ڕۆژی (1ـی ئایاری 2024) کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، (28ـی ئایاری 2024)، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان هەزار و 500 کەسە، لە ڕێگەی وشکانییەوە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەکەوێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژی چوارشەممە (29ـی ئایاری 2024)، یەکەم کاروانی حاجییان کە ژمارەیان سێ هەزار و 185 کەسە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەچێتە سعوودییە و، وابڕیارە تا (5ـی حوزەیرانی 2024)، سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان بگەنە ئەو وڵاتە.

ژمارەی حاجییانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان، بریتییە لە چوار هەزار و 685 کەس و بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێـی کوردستان، تێچووی حەج بۆ ئەمساڵ بە فڕۆکە بریتییە لە شەش ملیۆن و 650 هەزار دینار، هەروەها تێچووی حەج لە ڕێگەی وشکانییەوە، بریتییە لە پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار.

پێشتر ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعوودییە، بە کوردستان24ـی گوت، "تا ئێستە 25 حاجیی هەرێمی کوردستان لە سعودییە گیانیان سپاردووە. لەو ژمارەیە تەنیا یەک کەسیان، بە ڕێکاری فەرمی چووەتە حەج و ئەوانی دیکە بە ڤیزای گەشتیاری چوونەتە مەککە و مەدینە".

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.

 

Fly Erbil Advertisment