ئەمڕۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و کاندیدانی پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردن کۆتایی دێت

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

ئەمڕۆ دووشەممە، وادەی پێشکەش کردنی داواکاریی و خۆتۆماکردنی حزب، هاوپەیمانێتی و کاندیدانی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوای ئەوەی لە 13ی ئەم مانگە و بەر لە جەژنی قوربان، وادەی خۆتۆمارکردنی حزب، هاوپەیمانێتی و کاندیدانی پێکهاتەکان و سەربەخۆی درێژ کردەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەوامی ئاسایی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وادەکە کۆتایی دێت.

بەگوێرەی دوایین ئامار، تاوەکوو یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024 پێشکەشکردنی داواکاری خۆ تۆمارکردنی پارت و کاندیدانی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بووە:

پارێزگای هەولێر

- دوو هاوپەیمانی

- نۆ کاندیدای تورکمان

- حەوت کاندیدای کریستیان

- نۆ کاندیدای تاک – گشتی

- 10 کاندیدای پارتە سیاسییەکان

 - پێشکەشکردنی سێ داواکاری خواستی بەشداربوونی هەڵبژاردن لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە

پارێزگای سلێمانی

- هاوپەیمانی نییە

- دوو پارتی سیاسی

- هەشت کاندیدای تاک – گشتی

- پێنج کاندیدای تورکمان

- یەک کاندیدای کریستیان

پارێزگای دهۆک

- هاوپەیمانێتی نییە

- چوار کاندیدای کریستیان

- چوار کاندیدای تاک – گشتی

- یەک کاندیدای حزبی بابلیون

هەروەها یەکێک لەو لایەنە سیاسییانەی بایکۆتی هەڵبژاردنی شکاند و لە کۆمیسیۆن داواکاری بەشداربوونی تۆمار کردووە، بزووتنەوەی ئیسلامییە لە کوردستان.

لەمبارەوە عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە خۆیان تۆمار کردووە و لیستی کاندیدای خۆیان پێشکەش بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ڕاوێژیان پێ نەکراوە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.

سەبارەت بە وادەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارتە سیاسیی و حزبەکان ڕاوێژی دەستی پێ کردووتەوە بە مەبەستی دیاری کردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن.

لەلایەن خۆیەوە باپیر کامەلا، سکرتێری پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاوێژی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە و پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردن بکرێت.