سعوودیە: چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانمان تێکشکاندووە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەکرابوون
گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئاسماندا تێکبشکێنێت کە لە ناو خاکی عێراقەوە و لە لایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە بە ئاراستەی دامەزراوە نەوتییەکانی ریاز و ناوچەی رۆژهەڵات هاوێشترابوون.
دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی بەرگریی سعوودیە راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویانە بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی هێرشێکی نوێی ئاسمانی بدەنەوە و چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئاسماندا تێکبشکێنن.
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاندووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان چەند درۆنێکیان تێکشکاندووە کە هەوڵیانداوە دامەزراوە نەوتییە گرنگەکانی دەوڵەت لە ناوچەی رۆژهەڵات و ریازی پایتەخت بکەنە ئامانج.
روونیکردەوە، ئەم هەوڵە مەترسیدار و تێکدەرانە لە ناو خاکی عێراقەوە دەستیان پێکردووە و لە لایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کراون.
هاوکات جەختی لەسەر مافی فەرمی و سروشتیی شانشینی سعوودیە کردەوە بۆ بەرگری لە خۆی و پاراستنی سەروەریی خاکەکەی، و رایگەیاند کە سعوودیە مافی تەواوی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانە لە کات و شوێنی گونجاودا.