کاندیدایەکی سەرۆکایەتیی ئێران: دانوستانەکانمان لەگەڵ واشنتۆن هەنگاو بەهەنگاو دەبێت

محەممەد قالیباف
محەممەد قالیباف

سێ ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، محەممەد باقر قاڵیباف، کاندیدی پارێزگاران بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، ستراتیجیی دانوستان "لەگەڵ نەیاران" لەسەر بنەمای "هەنگاو بە هەنگاو" دەبێت، وەکو ئاماژەیەک بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا.

ئەمە لە کاتێکدایە کاندیدای چاکسازیخوازەکان مەسعوود پزیشکیان جەختی لە گرنگیی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە کردەوە. لە کاتێکدا کاندیدای پارێزگاران مستەفا پورمحەممەدی گوتی: "بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە هێشتا هەستیان بە ڕۆحی هەڵبژاردن نەکردووە."

ڕۆژی هەینی، لە ئێران هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە مانگی ڕابردوودا لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە گیانی سپارد.

قاڵیباف، لە یەکێک لە مزگەوتەکانی قوم، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئایینی، گوتی: دژی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا نییە، بەڵام ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوەداین لەگەڵ دوژمندا، هەروەها "ئەم دانوستانانە کۆتاییان پێ نەهاتووە، دوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دانوستانەکان پەک خران".

ئێران سەرقاڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەمەریکا، دوای زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە نێوەندگیریی ژمارەیەک لایەنی هەرێمی و نێودەوڵەتی.

قاڵیباف ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە بەدوای هەنگاوی دڵنیاییدا دەگەڕێین لە دانوستانەکاندا، پێویستە ئەمەریکییەکان بزانن ئێمە بەدوای بەرژەوەندیی ئابووریی گەلداین، ئێمەش بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکەین لە حکوومەتدا".

قاڵیباف ئێوارەی ڕۆژی شەممە، لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکوان و شارەزای ئابووری، دیدگای خۆی بۆ سیاسەتی دەرەوە ڕاگەیاند گوتی: "من بە دانوستان ڕازیم"، "دانوستان ئامرازێکە بۆ خەبات". دەشڵێت: لە سیاسەتدا دەبێت هەمیشە ئەوەمان لەبیر بێت کە ئێمە قسە لەگەڵ دوژمنەکەمان دەکەین، ئەمەریکا نەک هەر لە دوای شۆڕشەوە دوژمنمان بووە، بەڵکو بە درێژایی مێژوو دوژمنمان بووە.

قاڵیباف، بەسیاسیکردنی ئابووری ڕەت کردەوە، بە مەرگی ئابووری لەقەڵەم دا، چارەی کێشە ئابوورییەکانیشی بە مەرجی نەبوونی بەسیاسیکردن کرد. گوتیشی: ئەگەر بتوانین وەبەرهێنانی ناوخۆ ڕابکێشین، وەبەرهێنەرانی بیانی خۆیان دێن. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان توانای نەختینەیی لە 45 ملیار دۆلار کەمتر لە دەستی خەڵکی ناوخۆی وڵاتدا نییە. "ئەگەر نەتوانین ئەم وەبەرهێنانە ڕابکێشین، ناتوانین هیچ وەبەرهێنەرێکی ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتیش ڕابکێشین".

بۆیە پێشنیاری دروستکردنی سندوقی وەبەرهێنانی نەختینەیی کرد، و باسی لەوە کرد، کێشەی دروستکردنی ئەم سندوقە و پێدانی پاداشتی نەختینەیی بە خەڵک چییە؟ پێویستە ئومێد لە کۆمەڵگادا زیندوو بکەینەوە.

دواتر، قاڵیباف لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی سوننە لە ئێران ڕایگەیاند، هەندێک دەڵێن ئەو سزایانە جگە لە کاغەزێک هیچی تر نین، بەڵام من لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نەبووم. بە دڵنیاییەوە گەمارۆکان فشار و سەختی دروست دەکەن ئاماژەی بەوەش کرد: لە سیاسەتی دەرەوەدا وەک ئەولەویەتێک بەدوای ئەم بابەتەدا دەگەڕێم و "ئینشائەڵڵا" سێبەری گەمارۆ قورسەکان لەسەر وڵات لادەبەم.