ئیسماعیل بەقایی: هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ ئەمریکا نییە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بڕیاری بەرگریکردنی لوبنانییەکان لە بەرامبەر ئیسرائیلدا تەنیا پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، هاوکات هۆکاری بانگهێشتکردنی باڵیۆزی فەرەنساشی بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی گەڕاندەوە.
ئەمرۆ دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: شێوازی بەرگریکردنی گەلی لوبنان، لەوانەش هێزەکانی بەرەی مقاوەمە، لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان لە بەرامبەر ئیسرائیلدا، تەنیا پەیوەندی بە خودی لوبنانییەکانەوە هەیە و بڕیار لە دەستی ئەواندایە.
بە قایی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی لبنان بۆ واشنتن و دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و داواکارییەکەی بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی لوبنان لە پرس و راوبوونی چەکدا، جەختیکردەوە، چەکی بەرەی مقاوەمە هەمیشە بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان بووە کە هێشتا رووبەڕووی داگیرکاری دەبێتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: ئەزموون سەلماندوویەتی لە بەرامبەر لایەنەکاندا کە تەنیا زمانی هێز دەزانن، مرۆڤ ناتوانێت بێچەک یان بێبەرگری بمێنێتەوە.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە باسی لەوەکرد، گرنگی بە خەملاندن و پێشبینییە میدیاییەکان مەدەن، ئێمە هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ ئەمەریکادا نییە. دانوستانەکانی ئێمە لەگەڵ عومانە و تیشکیان خستووەتە سەر ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز.
ئیسماعیل بەقایی گوتیشی، فەرەنسا لە ژێرناوی باڵیۆزخانە و بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنیدا، دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆماندا کردووە و دەبێت داوای لێبوردن بکات.
ئەوە لە کاتێکدایە هەفتەی پێشوو وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی بە "هەڕەشەلێکردن و ترساندن" پارێزبەندیی دیپلۆماسیی دوو لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکەیان لە تاران پێشێل کردووە.
ژان نۆئێل بارۆ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی ئەم دوو کەسە "بێ هیچ هۆکارێک چەند کاتژمێرێک دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
لە دوای ئەو رووداوە، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا باڵیۆزی کاربەڕێکەری ئێرانی لە پاریس بانگهێشت کردبوو.