قایمقامی ڕواندز: حکوومەتی هەرێم کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگ لە ڕواندز جێ بەجێ دەکات
قایمقامی قەزای ڕواندز ڕایگەیاند، چارەکردنی گرفتە خزمەتگوزارییەکان لە پێشینەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە؛ هەروەها پرۆژە ڕاکێشانی ئاو بۆ دۆڵی ئاکۆیان و گوندەکانی سەر بەو دۆڵە جێ بەجێ دەکات.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز گوتی: پێشتر، ئاو بە تانکەر بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەکرا، بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ستراتیجیی ئاو جێ بەجێ دەکات، کە یەکێک لەو پرۆژە گرنگانە ڕاکێشانی ئاوە بۆ دۆڵی ئاکۆیان و گوندەکانی سەر بەو دۆڵە.
باسی لەوەش کرد، قۆناغی یەکەمی ئەو پرۆژەیە بە گوژمەی 590 ملیۆن دینار دەستی پێ کردووە، ماوەی جێ بەجێکردنی پرۆژەکەش 90 ڕۆژە. پرۆژەکە بەدرێژایی شەش کیلۆمەترە، گوتیشی: قۆناغەکانی دیکەی پرۆژەکەش بە گوژمەی دوو ملیار دینار جێ بەجێ دەکرێت، بەمەش دەتوانرێت کێشەی ئاو بۆ گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارە بکرێت.
ئەحمەد قادر ڕاشیگەیاند، پێشتریش پرۆژەی ئاوی "مێگرد"مان بەگوژمەی 350 ملیۆن دینار بۆ سەنتەری قەزای ڕواندز جێ بەجێ کردووە، کە دەتوانین بڵێین بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە گرفتی ئاو لە سەنتەری قەزای ڕواندز بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، لە پلانمان دایە تۆڕەکانیش ڕێک بخەینەوە و ئەو گرفتانەی ماون چارە دەکەین.
سەبارەت بە پرۆژەکانی دیکە، وەکو ناحیەی وەرتێ و گوندی خانەقا کە ئێستە لە تەندەر دایە، ئەویش بەجێ بەجێکردنی پرۆژەکە دەتوانرێت گرفتی ئاو چارە بکرێت.
دەشڵێت: لە پلاندایە پرۆژەی ستراتیجیی بەنداوی ڕواندز لە داهاتوودا جێ بەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەدرێت و گل بدرێتەوە، هەروەها بۆ لایەناکانی دیکەش بەکار بێت، وەک گەشتیاری، سامانی ماسی و کشتوکاڵ.