ڕزگاربووەكان چیرۆكی نقومبوونی یەختەكەیان دەگێڕنەوە

kurdistan24.net

K24 - ئیتاڵیا:

ڕزگاربووانی یەختە تێكشكاوەكەی ئیتاڵیا، چیرۆكی نقوومبوونی یەختەكە دەگێڕنەوە و باس لە مەترسییەكانی رێگەی كۆچ دەكەن و دەڵێن "ئەوەی لە سۆشیال میدیا دەبیندرێت ھیچ نییە لەچاو ئەو مەترسیغانەی كە لە رێگەكە دەیبینیت و ھیچ بژاردەیەكت نییە لە نێو دەریا جگە لە مردن.

ڕزگاربوویەكیش دەڵێ "ئەو تراژیدیاییەی من بینیم، وەك مردن وابوو دەیان منداڵ و ژن لەبەر چاوی خۆمەوە گیانیان لەدەستدا و ھیچ ھیوایەكمان نەبوو".

بەپێی ئامارەکان، یەختەکە 76 سەرنشینی لەخۆگرتبوو کە زۆرینەیان کورد و ئەوانی دیکەش ئەفغانی بوون، ژمارەی ڕزگاربووەکان 11 کەسە کە حەوتیان کوردن و تاوەکوو ئێستاش تەرمی 35 سەرنشینی یەختەکە دۆزراوەتەوە و گەڕانیش بەدوای ونبووەکانی دیکە بەردەوامە.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، یەختێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.

ڕۆژی (18ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیان ئەنجام بدات.

ڕۆژی پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دۆسیەی ئەو کۆچبەرانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، یەختەکەیان نوقمبوو، بۆتە کەیسێکی یاسایی و حکوومەتی ئیتاڵیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئێستا تیمێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتەن.