پارێزەرێک بۆ کوردستان24: كۆچبه‌ران لە ئەورووپا ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی زیاتر ده‌بنه‌وه

K24 - برۆکسل:

پارێزەرێکی کۆچبەران ئاشکرای دەکات لەمەودا سیاسەتی ئەورووپا بەرامبەر بە کۆچبەران بەرەو گۆڕانکاری دەچێت و ژیانی کۆچبەران زەحمەتر دەبێت، پاش ئەوەی پارتە ڕاسترەوە توندڕەوەکان سەرکەوتنی مەزنیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا.

کوردستان24 بەدواداچوون دەکات و سەردانی کەمپێک دەکات کە کۆچبەرانی تێدا ڕاگیراون و تەنیا چەند سەد مەترێک لە پەرلەمانی ئەورووپاوە دوورە.

ئەحمەد مەحموود، کۆچبەرێکە چەند ساڵێکە مافی مانەوەی پێ نەدراوە، لە  کەمپێکی کۆچبەران ڕاگیراوە لە برۆکسل کە تەنیا چەند سەد مەترێک دوورە لە پەرلەمانی ئەوروپاوە، پەرلەمانی ئەوروپا ئەو شوێنەی ناوەندی دەرکردنی یاساکانی کۆچبەران و چاودێریکردنی کۆچبەرانە، بەڵام ئەحمەد دەڵێت: تاوەکو ئێستا هیچ پەرلەمانتارێک سەردانی نەکردوون و بارودۆخیان خراپە.

ئەو کۆچبەرە گوتیشی: "لەماوەی ژیانم لەم کەمپەدا هیچ پەرلەمانتارێکی ئەورووپام نەبینیووە بێتە ئێرە و هەواڵمان بپرسێت. ئێرە ناوەندێکی گرنگە نەک تەنیا بۆ بەلجیکا بەڵکوو بۆ ئەورووپاش گرنگە و پایتەختی یەکێتی ئەورووپایە، تەنیا 300 مەتر لە ئێمەوە دوورن بەڵام بەداخەوە ئەوان هیچ نازانن دەربارەی ئێمە".

لەلایەن خۆیەوە، چیارا جیولی، کە ماوەی 10 ساڵە کاری پارێزەری بۆ کۆچبەران دەکات بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپاوە ئەگەر سەیری بارودۆخی سیاسی بکەیت دەبینی و تێدەگەیت چی ڕوویداوە. پارتە ڕاستڕەوەکان زۆر گەشەیان کردووە، بۆیە بڕوا ناکەم گۆڕانکاری باش ڕووبدات لە پرسی کۆچبەران بەڵکوو بارودۆخی کۆچبەران خراپتر دەبێت.

هەروەها فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق ڕایگەیاندووە: "پۆلیسی پاسەوانی دەریایی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەووروپا هەوڵی نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەران دەدەن، خراپی بارودۆخی کۆچبەران لە دوورگە و کەمپ و شوێنە سەربازییەکان نیشانەی دووڕووی یەکێتی ئەورووپایە".