سەندیکای زێڕنگەران بۆ هاووڵاتییان: لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە زێڕ مەکڕن

بازاڕی زێڕنگەران
بازاڕی زێڕنگەران

K24 – هەولێر:

ماوەیەکە دەنگۆی بوونی زێڕی ساختە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بڵاو بووەتەوە، بەڵام سەندیکای زێڕنگرانی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە هیچ زێڕێکی ساختە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوە ناکرێت.

زێڕنگەرێک دەڵێت: ئەو زێڕانەی کە خراپن زیاتر هی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن، هاووڵاتییانیشیان دێن بەشێک لەو زێڕانە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشن.

لە فرۆشتنی زێڕ بە ئۆنڵاین و کڕینی زێری  شکاو، ئەگەری ساختەکاری هەیە، ئەو زێڕەی کە عەیاری كەمترە، زیاتر لە عێراق و بە دیاریكراوی لە مووسڵ دروست دەكرێت و دەهێنرێتە شارەكانی هەرێمی کوردستانەوە. هەرچەندە شتێك بەناوی زێڕی ساختەوە نییە، بەڵام ئەو زێڕەی عەیاری كەمە، ئەوەش كڕیارەکان زۆر هەستی پێ دەكەن، بۆیە ئەستەمە زێڕی ساختە لەنێو بازارەکاندا هەبێت.

عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، فرۆشتنی زێڕ بە ئۆنڵاین سەریهەڵداوە کە ئەمەش بابەتێکی زۆر مەترسیدارە، چونکە ئەو کەسەی زێڕ دەفرۆشێت دەبێت سەرەتا دڵنیابینەوە بزانین ئایا ئەوە زیڕنگەرە یان مۆڵەتی زێڕفرۆشتنی هەیە؟.

لای خۆیەوە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، گوتی: ئەو زێڕانەی کە لە وڵاتانەوە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە داخڵی ناو شاری هەولێر دەکرێن، ئێمە سەرەتا لە فڕۆکەخانە پشکنینی بۆ دەکەین بزانین ساختەیە یان ڕاستەقینە، ئەگەر لە پشکنینەکانمان دەرچوو ئەو کاتە ڕێگە دەدەین داخڵ بێت.

‎کڕین و فرۆشتنی زێڕ خواستێکی زۆری لەسەرە، هەر شتێکیش داواکاری زۆری لەسەر بوو ئەگەری ساختەکردنی زیاترە، بەڵام هەرێمی کوردستان کە لە هەردوو وڵاتی تورکیا و ئیمارات، زێڕ هاوردە دەکات، پێش گەیشتنە بازاڕەکان پشکنینی وردی بۆ دەکرێت، بۆیە تا ئێستە هیچ حاڵەتێکی ساختەکردنی زێڕ تۆمار نەکراوە.