وەزیری دەرەوەی کەنەدا داوا له‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات ده‌ستبه‌جێ لوبنان به‌ جێ بهێڵن

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا

وەزیری دەرەوەی کەنەدا داوا له‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات ده‌ستبه‌جێ لوبنان به‌ جێ بهێڵن؛ هاوكات هۆشداری ده‌دات له‌ په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 25ـی حوزه‌یرانی 2024، میلانیا جۆلی وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە ڕاگه‌یه‌نراوێكدا داوای له‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی كرد ده‌ستبه‌جێ لوبنان به‌ جێ بهێڵن و ئه‌رك و كاره‌ گشتیی و تایبه‌تییه‌كانیان كۆتایی پێ بهێنن.

وەزیری دەرەوەی کەنەدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، دۆخی ئەمنی لوبنان بەهۆی بەردەوام و پەرەسەندنی توندوتیژی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل زیاتر ناجێگیر و پێشبینینەکراوتر دەبێت و ئەگەری هەیە بەبێ ئاگادارکردنەوە زیاتر ئاڵۆز ببێت.

ئەم لێدوانەی وه‌زیری دەرەوەی کەنەدا لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژیی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا دێت، لە کاتێکدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لە ماوەی ڕابردوودا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد کە لە ڕێگەی وشکانی و دەریایی و ئاسمانییەوە دەیکاتە ئامانج له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر لوبنان.

هاوکات هه‌ر ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمه‌ریکا هۆشداری دا لە مەترسییەکانی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەگەری تێکچوونی دۆخی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا.