ئیسرائیل بارەگایەکی هاوبەشی حزبوڵڵا و پاسداران لە دیمەشق بۆمباران دەکات

دیمەشقی پاتیەختی سووریا
دیمەشقی پاتیەختی سووریا

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە نزیک مەزارەگەی زەینەب لە باشووری دیمەشق بارەگایەکی حزبوڵڵایان بۆمباران کردووە.

بەگوێرە زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری، ئەو بارەگایەی حزبوڵڵا کە بۆردومان کراوە، ناوەندی حزمەتگوزارییەکانی دامەزراوەی "جیهادی بونیاد"ی سەر بەحزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە.

ئامارە سەرەتاییەکان کوژرانی سێ کەسیان سەلماندووە کە یەکێکیان ئافرەتێکی بەساڵاچووە و 11 کەسی دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان خەڵکی سڤیلن. هەروەها جیا لە بارەگاکە کە نزیکەی 700 مەتر لە مەزارگەی زەینەب دوورە، زەرەر و زیانی بە ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەری شوێنەکەش گەیاندووە.

سەرچاوەکانی هەواڵی ناوخۆی سووریا بڵاویان کردووتەوە، لە کاتی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای سووریا هەوڵی داوە ڕێگریی لە هێرشەکە بکات بەڵام بێئەنجام بووە و دوای هێرشەکەش دووکەڵێکی زۆر لە شوێنەکە بەرزبووەتەوە.

بەگویرەی بەڵگە و دۆکیومێنتەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوای چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوویا زیاتر کردووە و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکوو 24ی ئەمانگە، 62 فەرماندە و چەکداری لوبنانی و ئێران لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا کوژراون، لە نێواندا 23 لە کوژراوەکان ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران و 39 کوژراوەکەی دیکەش سەر بەحزبوڵڵای لوبنان بوون.