پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە خەرج دەکرێت

K24 - هەولێر:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی تەرخان و خەرجکردنی پارەی پێویستی بۆ پرۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجەی ئاراستەی سەرۆکایەتی شارەوانی پارێزگایەکە کرد.
بەپێی نووسراوەکە کە ساسان عەونی لە 27ـی حوزەیرانی 2024 ئیمزای کردووە، ئاماژە بە نووسراوی ژمارە (7616)ـی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە کە لە (10ـی حوزەیرانی 2024) دەرچووە، تێیدا ڕەزامەندی نیشاندراوە لەسەر تەرخان و خەرجکردنی گوژمەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
لە خاڵی یەکەمی نووسراوەکەدا ئاماژە بە تەرخان و خەرجکردنی گوژمەی شەش ملیار و 660 ملیۆن و 509 هەزار و 200 دینار کراوە بەشێوەی نەختینە و بە قۆناغ لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2024 بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
هەروەها لە خاڵی دووەمدا، ڕەزامەندی دراوە لەسەر تەرخان و خەرجکردنی گوژمەی سێ ملیار و 393 ملیۆن و 364 هەزار و 250 دینار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ لەسەر بودجەی ئاسایی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بەشێکی دیکە لە پرۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
ڕۆژی (27ـی حوزەیرانی 2024) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ شارەوانی هەڵەبجە دابین دەکات بۆ دروستکردنی پرۆژەیەک لە هەڵەبجە.
ساسان عەونی جەختی کردەوە، تێچووی جێبەجێکردنی سەرجەم داوکارییەکانی شارەوانی هەڵەبجە شەش ملیار دینارە و ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دراوە.