ماوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە ئێران جارێکی دیکە درێژکرایەوە

K24 – هەولێر:

بڕیاربوو کاتژمێر 6ـی ئێوارە بە کاتی تاران دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە ئێران کۆتایی پێبێت، بەڵام ماوەی دەنگدانەکە بۆ دوو کاتژمێر درێژکرایەوە، بەڵام بۆ جارێکی دیکەش ماوەی دەنگدان بۆ دوو کاتژمێری دیکە درێژکرایەوە.

ڕۆژی هه‌ینی 28ـی حوزه‌یرانی 2024، پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ ئێران بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری نوێی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد و تا ئێستە ماوەی دەنگدان دوو جار درێژکراوەتەوە.

لەم هەڵبژاردنەدا سەعید جەلیلی، محەممەد باقر قالیباف و مستەفا پوورمحەممەدی سێ بەربژێری باڵی بناژۆخوازی کۆماری ئیسلامی و مەسعوود پزیشکیان تاکە بەربژێری باڵی ڕیفۆرمخواز بۆ بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار کێبڕکێ دەکەن.

لەم بارەیەوە نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران درێژکراوەتەوە، ئەم درێژکردنەوەیەش بە هەمان شێوە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت.

ڕەشنوودی لەبارەی شێوازی دەرچوونی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران، ڕوونیکردەوە، ئەگەر یەکێک لە بەربژێرەکان لە 1+50% بەدەست بێنێت هەر لەم خولە سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت، ئەگەر ڕێژەی دەنگەکان کەمتر بێت لە 50% دەنگدانەکە دەچێتە گەڕی دووەم لە نێوان دوو بەربژێر بەردەوام دەبێت کە زۆرترین دەنگیان لە گەڕی یەکەم بەدەستهێنابێت. هاوکات گوتی: گەڕی دووەمی دەنگدانیش لە هەینی هەفتەی داهاتوو دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment