ڕۆژنامەیەک: ئەمەریکا داوای لە قەتەر کردووە نێوەندگیریی حزبوڵڵا و ئیسرائیل بکات

واشنتن پۆست بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمەریکا داوای لە قەتەر کردووە هاوکاری و نێوەندگیریی بکات بۆ چارە کردنی کێشەکانی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل.

بەگوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەکە، قەتەر کە ناوبژیوانی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بوو سەبارەت بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە، داوایەکی ئیدارەی بایدنی پێگەیشتووە بۆ ئەوەی یارمەتی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان بدات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئاگربەستێکی کاتی لە کەرتی غەززە ڕوو بدات، ئەوا پارتەکە ئامادەیە پابەندی بێت، وەک ئەوەی پێشتر لە مانگی نۆڤەمبەردا لە ماوەی هەفتەیەکدا ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیەنرا، بەڵام بڵاوکراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "حزبوڵڵا" پابەند نابێت بە ئاگربەست ڕێککەوتنێکی فراوان تا شەڕی غەززە بە تەواوی کۆتایی دێت.

یەکێک لە بەرپرسە نزیکەکانی یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی کە بەشداری لە دانیشتنێکی بەرپرسانی ئەمەریکا کردبوو، ڕایگەیاند، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە هەڕەشەکانی ئێستە بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن ئێران و حزبوڵڵایەوە پشتڕاست کردووەتەوە، ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو بەرپرسەوە بڵاویکردووەتەوە، "گالانت پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئێران دەتوانێت لە پڕێکدا فڕۆکەیەکی گەورەی جەنگ هەڵبدات بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل." هەرچەندە ئەمە لەگەڵ داتا و زانیاری هەواڵگریی ئەمەریکادا ناگونجێت.

ئەو سەرچاوەیە ترسی واشنتنی بڵاوکردەوە لەوەی کە ئیسرائیل لە چەند هەفتەی داهاتوودا هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان بکات و بە گوتەی ئەو، بەرپرسانی ئیسرائیل دەستبەرداری پلانەکانی هێرش بۆ سەر لوبنان نابن، سەرەڕای فشارەکانی واشنتنیش.

پێشتر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، حزبوڵڵا بەنیازی ئەوە نییە شەڕ و پێکدادانەکان ڕابگرێت تا ئەو کاتەی هێزەکانی ئیسرائیل تەقەکردن لە کەرتی غەززە ڕاگرن.