لە عێراق هاووڵاتییان متمانەیان بە کەرتی گواستنەوەی گەشتیاری نەماوە
بەهۆی نەبوونی چاودێرییەکی ورد لەسەر کەرتەکان، کەرتی گواستنەوەی گەشتیاری لە عێراق خەریکە متمانەی هاووڵاتییان لەدەست دەدات، ئەندامێکی دەستەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاری عێراق ڕایدەگەیەنێت زیاتر لە 200 کۆمپانیای ساختەکاری گەشتیاری لە بەغدا بوونیان هەیە کە مامەڵەی ساختەکاری گەشتیاری بۆ هاووڵاتیان دەکەن و بەمەبەستی هەڵخەڵەتاندنیان نرخی و کەم خزمەتگوزاری زیاتر بۆ گەشتیاران دەخەنەڕوو دواتریش دەردەکەوێت کە مامەلەکان ساختەن، دەشڵێت تەنیا لە شاری نەجەف بە قەبارەی دارایی 100 ملیۆن دینار گەشتیاران قوربانیی دارایی ئەو ساختەکارییەیان داوە.
نەبوونی چاودێری پێویست لەسەر کەرتەکان لە عێراق وایکردووە گەندەڵی و ساختەکاریی کەرتی گواستنەوەی گەشتیاریش بگرێتەوە
لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیەک کۆمپانیای ساختەکاری گەشتیاریان داخستووە کە بەهۆیانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیاران و هاووڵاتیانی عێراق قوربانی داراییان داوە.
پۆلیسی عێراق ڕایدەگەیەنێت دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر سکاڵای هاووڵاتیانیان پێگەیشتووە ، بەدواداچوونیان لەسەر ژمارەیەک کۆمپانیا کردووە کە مۆڵەتی گەشتیاریان نەبووەو، بانگەشەی نرخی کەم و خزمەتگوزاری زیادیان پێشکەش بە گەشتیاران کردووە بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەوانەوە گەشت بۆ ناوچە جیاوازەکانی ناوەوەو دەرەوەی وڵات بکەن، بەڵام دەرکەوتووە تەنیا مەبەستیان کۆکردنەوەی پارە بووەو،مامەڵەکان ساختەکاری بوون و، لە بنەڕەتدا کۆمپانیاکە بوونی نەبووە.
راشیدەگەیەنێت: لەماوەی تەنیا چەند رۆژێکدا توانیویانە 12 فەرمانگەو کۆمپانیا لە بەغدای پایتەخت دابخەن و دۆسیەکانیان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی گەشتیاری کراوە.
هەروەها ڕوونی دەکاتەوە زیاتر لە 200 هاووڵاتی لە شاری نەجەف مامەڵەی ساختەیان بۆ کراوە و لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە بۆ گەشتکردن بۆ سووریا و لوبنان ناونوسکراون ، کە قەبارەی دارایی ساختەکارییەکە زیاتر لە 100 ملیۆن دینار بووە.
عەلی فەتلاوی، ئەندامی دەستەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاری عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەنیا لە شاری بەغدا زیاتر لە 200 کۆمپانیای گەشتیاری بێ مۆڵەت بوونیان هەیە، بەگوێرەی پارێزگاکانیش ئەو ژمارەیە لەزیادبووندایە، دەشڵێت ئەم ساڵ بەهۆی ئەوەی خواستی هاووڵاتییان بۆ گەشتکردن بەرزبووەتەوە ژمارەی کۆمپانیا ساختەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە.
لەلایەکی دیکە چالاکوانانی بواری یاسایی ڕەخنە لە یاساکانی سزادانی پەیوەست بەم پرسە دەگرن، ئاماژە بەوەشدەکەن هەر کۆمپانیایەک کە لەو ساختەکارییە تێوەدەگلێت بەگوێرەی یاساکە سزاکەی تەنیا 500 هەزار دینارە و پاشان تۆمەتبار ئازاد دەکرێت.