عێراق.. هاووڵاتییان متمانەیان بە کەرتی گواستنەوەی گەشتیاری نەماوە

فڕۆکەخانەی بەغدا
فڕۆکەخانەی بەغدا

لەبەر نەبوونی چاودێرییەکی ورد لەسەر کەرتەکان، کەرتی گواستنەوەی گەشتیاریی لە عێراق خەریکە متمانەی هاووڵاتییان لە دەست دەدات، ئەندامێکی دەستەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاری عێراق ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە 200 کۆمپانیای ساختەکاریی گەشتیاری لە بەغدا هەن، کە مامەڵەی ساختەکاریی گەشتیاری بۆ هاووڵاتیان دەکەن و بەمەبەستی هەڵخەڵەتاندنیان، نرخی کەم و خزمەتگوزاری زیاتر بۆ گەشتیاران پێشکەش دەکەن؛ دواتریش، دەردەکەوێت کە مامەڵەکان ساختەن. دەشڵێت: تەنیا لە شاری نەجەف بە قەبارەی دارایی 100 ملیۆن دینار گەشتیاران قوربانیی دارایی ئەو ساختەکارییەیان داوە.

نەبوونی چاودێریی پێویست لەسەر کەرتەکان لە عێراق وای کردووە گەندەڵی و ساختەکاریی کەرتی گواستنەوەی گەشتیاریش بگرێتەوە.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیەک کۆمپانیای ساختەکاری گەشتیارییان داخستووە کە بەهۆیانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیاران و هاووڵاتیانی عێراق زیانی داراییان پێکەوتووە.

پۆلیسی عێراق، ڕایدەگەیەنێت دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر سکاڵای هاووڵاتیانیان پێگەیشتووە، بەدواداچوونیان لەسەر ژمارەیەک کۆمپانیا کردووە کە مۆڵەتی گەشتییاریان نەبووە و، بانگەشەی نرخی کەم و خزمەتگوزاریی زیادیان پێشکەش بە گەشتیاران کردووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەوانەوە گەشت بۆ ناوچە جیاوازەکانی ناوەوەو دەرەوەی وڵات بکەن. بەڵام، دەرکەوتووە تەنیا مەبەستیان کۆکردنەوەی پارە بووەو، مامەڵەکان ساختە بوونە و لە بنەڕەتدا کۆمپانیاکە هەر نەبووە.

ڕاشیدەگەیەنێت: لەماوەی تەنیا چەند رۆژێکدا توانیویانە 12 فەرمانگەو کۆمپانیا لە بەغدای پایتەخت دابخەن و دۆسیەکانیان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی گەشتیاری کراوە.

هەروەها ڕوونی دەکاتەوە زیاتر لە 200 هاووڵاتی لە شاری نەجەف مامەڵەی ساختەیان بۆ کراوە و لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە بۆ گەشتکردن بۆ سووریا و لوبنان ناونوس کراون. قەبارەی دارایی ساختەکارییەکە زیاتر لە 100 ملیۆن دینار بووە. 

عەلی فەتلاوی، ئەندامی دەستەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاری عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەنیا لە شاری بەغدا زیاتر لە 200 کۆمپانیای گەشتیاری بێ مۆڵەت بوونیان هەیە، بەگوێرەی پارێزگاکانیش ئەو ژمارەیە لەزیادبووندایە، دەشڵێت ئەم ساڵ بەهۆی ئەوەی خواستی هاووڵاتییان بۆ گەشتکردن بەرزبووەتەوە ژمارەی کۆمپانیا ساختەکان زیادیان کردووە.

لەلایەکی دیکە چالاکوانانی بواری یاسایی ڕەخنە لە یاساکانی سزادانی پەیوەست بەم پرسە دەگرن، ئاماژە بەوەش دەکەن هەر کۆمپانیایەک کە لەو ساختەکارییە تێوەدەگلێت بەگوێرەی یاساکە سزاکەی تەنیا 500 هەزار دینارە و پاشان تۆمەتبار ئازاد دەکرێت.