تورکیا.. لەئەنجامی پێکدادانی دوو پاس دوو کەس مردن و 35ـی دیکەش بریندارن
لەئەنجامی پێکدادانی دوو پاس کە یەکێکیان چەند کرێکارێکی هەڵگرتبوو، دوو کەس گیانیان سپارد و 35ـی دیکەش برینداربوون کە دووانیان برینەکەیان سەختە.
ماڵپەڕە مێدیاییەکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، ڕووداوەکە لەشارەدێی سلیفکە سەر بە شاری مێرسین ڕووی داوە، دوای ئەوەی پاسەکە کە کرێکارانی لە وێستگەی پاسەکان هەڵگرتووە و هێڵی بەرامبەری بەزاند و خۆی بە پاسێکی دیکەدا کێشا کە چەند کرێکار و سەرپەرشتی پسپۆڕی تێدا بووە.
یەکێک لەو کەسانەی کە گیانی سپاردووە لە وێستگەی ئەتۆمی کاری دەکرد، ئەوی دیکەشیان ژنێکی ڕووسە و ناوی بنەماڵەکەی "ئیسماعیلۆڤا" یە و تەمەنی 38 ساڵ بووە.
لەگەڵ ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخەکە، تیمەکانی تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە و جەندرمەیەکی زۆر ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران.
تیمە پزیشکییەکان بریندارەکانیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سیلیفکە و نەخۆشخانەیەکی تایبەت لەشارۆچکەکە. هەروەها بەهۆی ڕووداوەکەوە بۆ ماوەیەکی زۆر، ڕێگاکە داخراوە.