سوپای پاسداران: چوار کەشتی نەوتهەڵگر بەر مین کەوتن

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، چوار کەشتیی نەوتهەڵگر بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی لە کاتی تێپەڕین لە رێڕەوێکی قەدەخەکراوی باشووری گەرووی هورمز تێکشکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، چوار کەشتیی نەوت هەڵگر بەهۆی تێپەڕبوون لە رێڕەوێکی قەدەخکراو لە گەرووی هورمز بەر مینکەوتن و تێکشکان، ئاماژەی بەوەش دا، کەشتییەکان ئاگری گرتووە دەستیشمان بەسەر دووکەشتییدا گرتووە.

رۆژی سێشەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دووری 14 میل لە باکووری رۆژهەڵاتی لیمای عومان بە دوو مووشەکی نەناسراو پێکراوە، دەستەکە روونیکردەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی برینداربوون یان زیانی ژینگەیی پێ نەگەیشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا، شەڕی دژی ئێران رۆڵی لە شکستپێهێنانی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا هەبووە کە دوێنێ سێشەممە بەڕێوەچوو. دیموکراتەکان بەرەو کۆنترۆڵکردنی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران دەچن و ئەم دۆخە دەبێتە ئاستەنگلەبەردەم ترەمپ.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز گوتی "دیموکراتەکان ئەو یاسایانەمان بۆ دەنێرن کە بە شێتانە ناوی دەبەم". ترەمپ جەختی کردەوە، مافی ڤیتۆ لە دژیان بەکاردەهێنێت. سەبارەت بە ئێران، ترەمپ دەڵێت "لەوانەیە خەڵک بۆ لێکەوتە کورتخایەنەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئامادە نەبووبن".

سەرۆکی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئەمریکا هیچ پلانێکی خێرای بۆ لێدانی ئێران نییە. ترەمپ بەدووری زانی ململانێکان توندتر بکرێتەوە لەگەڵ ئێران.