لیژنەی کۆچ و کۆچبەران: دەبێت کاتی دیاریکراو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان درێژ بکرێتەوە

شەممە،29/6/2024, لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمان داوای درێژکردنەوەی ماوەی بڕیاری گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان کرد، کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی تەمموزی داهاتوو ئەو بڕیارە جێ بەجێ بکرێت.
شەریف سلێمان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق، بە مێدیای ناوخۆیی گوت: "31ـی تەمموزی 2024، لەلایەن حکوومەتەوە بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان دیاری کراوە، ئەوەش ئەستەمە ڕوو بدات." گوتیشی: "بەتایبەت کەمپەکانی ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک."
سلێمان ئاماژەی بەوەش کرد، "چەند شتێک هەیە کە پێویستە حکوومەت پێش گەڕانەوەی ئاوارەکان بیکات، لەوانەش پرسی قەرەبووکردنەوە، ئەمە جگە لەوەی دۆخی ئەمنی لە شنگال سەقامگیر نییە، هەروەها پرۆسەی خزمەتگوزارییەکان کە زۆر کەمە، جگە لە نەبوونی هەلی کار."
جێگری سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران باسی لەوەش کرد، "کاتی دیاریکراو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بەس نییە، پێویستی بە درێژکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی هەموو ئەو پێداویستیانە تەواو بکرێت و بەرنامەیەکی چڕ و پڕ و کرداریی جێ بەجێ بکرێت."
ڕۆژی 24ـی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران گەڕانەوەی 397 ئاوارەی دانیشتووی دەرەوەی کەمپەکانی دهۆک بۆ ناوچەکانی خۆیان لە شنگال ڕاگەیاند.