تا ئێستە فۆڕمی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کەرکووک کارا نەکراوە
K24 – کەرکووک:
بەهۆی هەڵنەبژاردنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان بێبەشبوونە لە پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن کە بۆ پارێزگاکەیان دیاریکراوە. دەرچوویەکی زانکۆ دەڵێت: بەناچاری و بەهۆی دانەمەزراندنەوە دەستمان داوەتە کاری دیکە.
دلۆڤان بەرزان، دەرچووی زانکۆ، بەهۆی دانەمەزرادنەوە دەستی داوەتە کاری دیکە، ماوەی زیاتر لە 5 ساڵە زانکۆی تەواوکردووە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و نایەکسانی لە دامەزاندن لە کەرکووک لە ماوەی ڕابردوودا نەیانتوانیوە دابمەزرێت، هەروەها ناوبراو یەکێکە لەو هەزاران دەرچووەی زانکۆ و پەیمانگەکان بەهۆی هەڵنەبژاردنی ئەنجوومەنی نوێ پارێزگای کەرکووکەوە بێبەشبووە لەو دامەزراندنانەی بۆ پشکی پارێزگاکە دیاریکراوە.
لەسەر بودجەی سێ ساڵەی عێراق، 150 هەزار پلەی دامەزراندن بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عیراق ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای لە سەرجەم پارێزگاکان کردووە بەزووترین کات ناو و داتای ئەو کەسانەیان بۆ بنێرن کە فۆڕمی دامەزراندیان پڕکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی بەسەرچوونی ئیدارەی خۆجێی کەرکووک و هەڵنەبژاردنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگا، دەرچووانی پارێزگای کەرکووک لەم مافە بێبەشکراون.
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی گوت: زیاتر لە 7 هەزار پلەی وەزیفی لەلایەن بەغدا بۆ کەرکووک تەرخانکراوە بۆ مەبەستی دامەزراندن، بەڵام ئێمە ئەو کارەمان ڕاگرتووە تاوەکوو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبنەوە، ئامانج لەو کارەشمان ئەوەیە دامەزراندنەکە بە شێوەیەک بێت ئەوەی شایستەیە لێی سوومەند بێت.
لەکۆی 150 هەزار پلەی دامەزراندن، پشکی کەرکووک حەوت هەزار و 304 پلەیە، دامەزراندنەکە بۆ ماوەی 3 ساڵ دەبێت بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینار، لە کۆی 15 پارێزگای عێراقیش، تەنیا لە پارێزگاکانی کەرکووک، بەغدا و نەینەوا فۆڕمی دامەزاندنەکە کارا نەکراوە.