هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران پێی نایە گەڕی دووەم؛ هەینی ئاییندە یەکلاکەرەوە دەبێت

هەڵبژاردن لە ئێران
هەڵبژاردن لە ئێران

K24 – هەولێر:

دوای سێ جار لە درێژکردنەوەی ماوەی دەنگدان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران بە کۆتا هات و لە گەڕی یەکەم هیچ یەکێک لە بەربژێرەکان نەیانتوانی 51%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن، بۆیە هەڵبژاردنەکە چووە گەڕی دووەم، بڕیارە هەینی ئایییندە گەڕی دووەمی دەنگدان بەڕێوەبچێت. بەپێی ئەنجامە بەراییەکانیش مەسعود پزیشکیان، بەربژێری چاکسازیخوازەکان دەنگی زۆرینەی بەدەست هێناوە.

ڕۆژی هه‌ینی 28ـی حوزه‌یرانی 2024، پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ ئێران بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری نوێی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد، لە هەڵبژاردنەکەدا سەعید جەلیلی، محەممەد باقر قالیباف و مستەفا پوورمحەممەدی سێ بەربژێری باڵی بناژۆخوازی کۆماری ئیسلامی و مەسعوود پزیشکیان تاکە بەربژێری باڵی ڕیفۆرمخواز بۆ بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار کێبڕکێیان کرد.

له‌م باره‌وه‌ ئه‌حمه‌د وه‌حیدی، وه‌زیری ناوخۆی ئێران به‌ كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی ڕایگه‌یاندبوو، ئێرانییه‌كان سه‌رۆكێكی نوێی خۆیان له‌ شوێنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سه‌رۆكه‌ كۆچكردووه‌كه‌یان هه‌ڵده‌بژێرن.

گەڕی یەکەمی دەنگدان

ماوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە ئێران سێ جار درێژکرایەوە، هەر جارە و دوو کاتژمێر درێژ کرایەوە، بەپێی دەستووری وڵاتەکەش تەنیا سێ جار دەتوانرێت ماوەی دەنگدان درێژ بکرێتەوە. لە گەڕی یەکەمی دەنگدانیش هیچ یەکێک لە بەربژێرەکان نەیانتوانی 51%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن، بۆیە هەڵبژاردنەکە چووە گەڕی دووەم، بڕیارە هەینی ئایییندە گەڕی دووەمی دەنگدان بەڕێوەبچێت.

موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە جیاکردنەوەی دەنگی 58 هەزار و 640 بنکە لە 482 شار کراوە کە 24 ملیۆن 535 هەزار و 185 کەس دەنگیان داوە لە نێوان چوار بەربژێرەکە مەسعوود پزیشکیان کە بەربژێری ڕیفۆرمخوازەکانە، پێشەنگە، بەڵام نەیتوانیوە بەربەستی یاسایی 50+1% کۆی دەنگەکان بە دەست بێنێت هەربۆیە پرۆسەکە چووە گەڕی دووەم و هەردوو کاندید پزیشکیان و جەلیکی کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری ئێران دەکەن

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران:

مەسعوود پزیشکیان 42%

10 ملیۆن و 415 و 991 دەنگ

سەعید جەلیلی 39%

9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگ

محەممەدباقری قالیباف 14%

3 ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگ

مستەفا پوورمحەممەدی 1%

 206 هەزار و 397 دەنگ

هۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئێران

بەهۆی ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.

دوای ئەو ڕووداوەش، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی ڕەئیسی، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەگرێتە ئەستۆ، هاوکات بڕیاردرا لە ڕۆژی هه‌ینی 28ـی حوزه‌یرانی 2024، هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی لە ئێران بەڕێوەبچێت.

ژمارەی دەنگدەران

لە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی ئەمجارە زیاتر لە 61 ملیۆن کەس مافی بەشداری کردنیان هەبوو کە هەمان ژمارەیەک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران تۆمارکراوە، هەروەها بەپێی ماڵپەڕی خەبەر ئۆنلاین لە کۆی زیاتر لە 61 ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە، نزیکەی 42 ملیۆن کەس دەنگیان داوە.

عەلیڕەزا مەحموودی، بەرپرسی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە دەرەوەی وڵات ڕایگەیاندووە، 340 سندووق بۆ دەنگی هاووڵاتییانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات تەرخانکرابوو، لەوانە 23 سندووق لە شەش پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان دانراوە.

لای خۆیەوە نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە هەولێر پێشوازییەکی باش لە هەڵبژاردنەکە کراو و خەڵکێکی زۆر هاتن دەنگی خۆیان دا، گوتیشی: زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

Fly Erbil Advertisment