سوودانی: پێداچوونەوە بە خشته‌ی مووچە پێویستی بە هەموارکردنەوە و پێداچوونەوە بە 34 یاسا و بڕیار هەیە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی لێژنەی هەماهەنگی دیاریکردنی پێوەرەکانی مووچە
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی لێژنەی هەماهەنگی دیاریکردنی پێوەرەکانی مووچە

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵی گرنگی بۆ زیادکردنی مووچە بەشێک لە توێژەکان داوە و پێویستە کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن بەردەوام بێت.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی لێژنەی هەماهەنگی دیاریکردنی پێوەرەکانی مووچە رایگەیاند، پێداچوونەوە بە خشته‌ی مووچە پێویستی بە هەموارکردنەوە و پێداچوونەوە بە 34 یاسا و بڕیاری پێشوو هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکوومەت هەموو هەوڵێک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی و پشتگیرییکردنی چاکسازی لەم بوارەدا دەخاتەگەڕ.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت: ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵی گرنگی بۆ زیادکردنی مووچە بەشێک لە توێژەکان داوە و پێویستە کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن بەردەوام بێت.

لە دانیشتنی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024ـی فیدراڵی کۆبووەوە و بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار پەسەندی کرد،  یەکێک لە بڕگەکانی بریتییە لە دەستەبەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی).

بودجەی 2024ـی فیدراڵی بریتییە لە  211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن دینار، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە 13 تریلیۆن دینار زیاترە. هەروەها خەرجییەکان وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، پێک دێت لە خەرجی بەگەڕخستن 156 تریلیۆن 843 ملیار دینار و خەرجی وەبەرهێنان 55 تریلیۆن و 17 ملیار دینار.