سەروەر هاواری: پێشکەشکردنی کوڵەباڵ بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی پشتیوانییە بۆ ئابووری کوردستان

سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی
سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دانانی بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئابووریی کشتوکاڵ دەکات و دەڵێت: ناوچەیەکی پیشەسازیش لە هەڵەبجە دروست دەکەین.

یەکشەممە (30ـی حوزەیرانی 2024)، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی پیشەسازیی لەبارەی دروستکردنی سایلۆی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،گرنگیدان بە ژێرخانی ئاسایشی خۆراک کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، دەشڵێت، سایلۆ لە هەرشوێنێک هەبێت، جووتیاران دەتوانن بە کەمترین تێچوو  و کات گەنمەکانیان بگەیەننە سایلۆکان، بەتایبەت سایلۆ ستیلەکان کە سەرما و گەرما کاریان لێ ناکات تا دەگاتە بازاڕ.

لەبارەی گرنگیدانەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە پارێزگای هەڵەبجە، سەروەر هاواری گوتی، سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی گرنگیی زۆر بە هەڵەبجە دەدات، قوربانییەکانی هەڵەبجە جێی پێزانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، دەشڵێت، خەڵکی ئەو سنوورە شایەنی ئەوەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان باشترین خزمەتییان پێشکەش بکات، ڕایگەیاند، سایلۆکان دەتوانن 40 هەزار تۆن گەنم ئەمبار بکەن جگەلەو دە کۆگایەی دەتوانرێت گەنمان تێدا کۆگا بکرێت،ئاماژەی بەوەشکرد کە، دەروازەی سنووری لەو ناوچەیە هەیە و بۆ دەرفەتی کار و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تێدەکرێنەوە، چونکە ناوچەیکە بە سەبەتەی خۆراکی عێراق ئەژمار دەکرێت.

بریکاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی ئاشکرای کرد کە ئێستا لە سەروبەندی دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازین لە هەڵەبجە، گوتی، بە 700 رۆژ سایلۆکەی هەڵەبجە تەواو دەبێت.

لەبارەی گرنگیدانی حکوومەت بە کەرتی کشتوکاڵ، سەروەر هاواری گوتی، ئاسایشی خۆراک ئاسایشی وڵاتی لەسەر بەندە، خاکی کوردستانیش بە گشتی لە دەشتەکانی هەریر و شارەزوور و ڕانیە و سندی و بتوێن بە پیتن و گەنم لە قەد پاڵی چیاکان دەچێندرێت، دەڵێت، خەڵکی کوردستان دەکەوێتە سەرپێی خۆیی و خۆراکی خۆی دابین دەکات.

هاواری گوتیشی، حکوومەت لەسەر تەواوی سێکتەرەکان  کار دەکات، بەتایبەت لەسەر ئابووری کشتوکاڵچونکە شادەماری زیندوویەتی هەموو وڵاتێکە، بریکارەکەی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی ڕایگەیاند، بە هەوڵی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان مەسرور بارزانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا، زیاتر لە 700 ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2014.2015-2016 وەرگیرانەوە، هاوکات پارەی چوار ساڵی جووتیارانیان داوە، گوتی، تاوەکو ئێستا پارەی جووتیاران دراوە و دەدرێت، بەشێوەیەک تا ئێستا 52 ملیار دینار خراوەتە سەر  هەژمارە بانکییەکانی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی لەهەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ جووتیاران زیاتر لە ملیارێک دیناریان وەرگرتووە.

لەبارەی ئەو کوڵەباڵەی پێشەکشی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرا لە خورماڵ، سەروەر هاواری گوتی، کوڵەباڵ ڕەمزی پیشەی دەستی هەورامانە، پێشکەشکردنی ئەو دیارییە بە سەرۆک وەزیران مانای ئەوەیە، ئەگەر دەستمان بگری و هاوکاریمان بکەی، بە دەستی خۆمان دەبینە یارمەتیدەری ئابووری هەرێمی کوردستان.

یەکشەممە، 30-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە پارێزگەی هەڵەبجە، بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجەی دانا.

پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمەی (27,203,220,000) دینار لە لایەن هەر دوو کۆمپانیای ئەدمین و (ABP TDS) جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بە پارێزگەبوونی هەڵەبجەی داوە؛ بەڵام بە داخەوە تا ئێستەش ڕێکارەکانی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگەیەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت.

Fly Erbil Advertisment