ڕووناک حەسەن ڕەسوڵ: ماستەر پلانی نوێی هەولێر ڕەچاوی ژینگە و ئابووریی تێدا کراوە

پسپۆرێکی نەخشەدانانی ئاوەدانی ئاشکرای دەکات، ماستەر پلانی نوێی هەولێر ڕەچاوی ژینگە و ئابووریی تێدا کراوە، ئەو پرەنسیپە بۆ نەخشەدانانی ئاوەدانی لە ماستەر پلانی تەواوی شارو شارۆچکەکان پەیڕەو دەکرێت.
یەکشەممە (30ـی حوزەیرانی 2024)، ڕووناک حەسەن ڕەسوڵ، پسپۆر لە نەخشەدانانی ئاوەدانیی لە چوارچێوەی یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نەخشەدانانی ئاوەدانی تەنها نەخشەدانان نییە بۆ شارەکان، بەڵکو نەخشەدانانی ئاوەدانی تەواوی بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە، گرنگترینیشیان بابەتی پاراستنی ژینگەیە، گوتی، بۆیە ئەو پرۆسەیە لە خۆمانەوە دەست پێدەکەین بە بەکارهێنانی شتانێک کە زیان بە ژینگەی وڵات نەگەیەنێت، دەڵێت، بابەتێکمان بۆ دروستکردن هەڵبژارد کە هیچ ماددەیەکی نایلۆنی تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەش کاری دەستیی گەنجانی کوردە و دەرفەتی کار زۆر دەڕەخسێنێت، سەرباری ئەوەی پێویستە ئەو گەنجانە پشتگیرییان لێ بکرێت چونکە کارەکانیان بەشێکە لە پاراستنی کلتووری کوردی، ئەو پسپۆرە دەڵێت، ئەو بابەتەی دروستمان کردووە نامیلکەیەکی تێدایە باس لە تەلارسازیی کوردی دەکات کە لەسەردەمی خۆی زۆر دەوڵەمەند بووە.
لەبارەی دروستکردنی ژینگەیەکی پاک و تەندروستیش لەچوارچێوەی نەخشەی ئاوەدانی، ڕووناک حەسەن ئاماژەی بەوە کرد کە، تۆی گوڵی جۆراوجۆر لەگەڵ بابەتە دروستکراوەکە داندراون و هەنگ و باڵدارە سوود بەخشەکان بۆخۆیان ڕادەکێشن، هاوکات ودەبنە سەرچاوەی زۆربوونی سەوزایی، دەڵێت، دەمانەوێت هانی خەڵکی بدەین ئەو جۆرە گوڵانە بچێنن و زیاد بکەن، بەڵکو سەوزایی زیاد بکەن.
ئەو پسپۆرە ئاشکرای کرد، ماستەر پلانی شارەکان پەیوەستە بە پێوەرە ژینگەییەکان و ئابوورییەکان، گوتی، لە ماستەر پلانی هەولێر کار لەسەر پێوەرە ژینگەییەکان و ئابوورییەکان کراوە و لە داهاتووێکی نزیکدا دەگاتە کۆتایی بۆ جێبەجێکردن، دەشڵێت، لە ماستەر پلانی شار و شارۆچکەکان هەمان پێوەر ڕەچاودەکرێت و دەستی پێدەکرێت بەپێی ستانداردی جیهانیی.
گوتیشی، نەخشەدانانی ئاوەدانی کاریگەریی لەسەر ئابووری دەبێت، دەڵێت کار لەسەر ئەوە دەکەین شارەکان بگەنە قۆناغێک خۆیان بەخێو بکەن، چونکە شارەکانی کوردستان بەجۆرەها سەرچاوە دەوڵەمەندن.