لە عێراق سێ داعشی فەرەنسی زیندانیی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندرا

دادگای تاوانەکانی کەرخ سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ سێ ئەندامی داعش، کە هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسین، دەرکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەسەڵاتی دادوەری راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، دادگای تاوانەکانی کەرخ بە ئامادەبوونی پارێزەرانی تۆمەتباران و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق، سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ ئەو سێ داعشە دەرکرد.

سزاکان بەپێی ماددەی 4/1 و بە دلالەتی مادەی 2/1 و 3 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13ی ساڵی 2005 دەرکراون. دادگاکە لە دەرکردنی بڕیارەکەیدا، پشتی بە بڕگەی 1/132ی یاسای سزادان بەستووە.

دەسەڵاتی دادوەری ئاماژەی بەوەش کردووە، سزاکە بەپێی ماددەی چوارەم/1، بە بەراوورد لەگەڵ ماددەی دووەم/1 و 3 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13ـی ساڵی 2005 و وەک ئاماژەیەک بۆ سزاکانی ماددەی 132/1 لە یاسای سزادان دەرچووە.

ئەو سێ سزادراوە بەشێک بوون لە گرووپێکی 47 کەسیی هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسا، کە دەسەڵاتدارانی عێراق لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا وەریانگرتبوون. دوای ئەوەی دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردبوون، بەپێی رێکارە یاساییەکان رەوانەی دادگای تایبەتمەندی کردبوون.

لە شوباتی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24 رایگەیاند، ژمارەی ئەو زیندانە داعشانەی لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانی عێراق بریتییە لە 5704 زیندانی و، ئەمە ئەو ژمارەیەیە بەغدا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەری رێککەوتوون.

سەعد مەعن روونیکردەوە، لەنێو زیندانییە گواستراوەکاندا 467 کەسیان رەگەزنامەی عێراقییان هەیە و دەستبەجێ دەستکراوە بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵیان. گوتیشی "کات و زانیاریی زیاترمان پێویستە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، هەروەها دەتوانین ئەو زیندانیانەش دادگایی بکەین عێراقی نین، بەگوێرەی یاساکانی عێراق."

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی ئەو زیندانانەی داعشی بۆ عێراق پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە 23 رۆژی خایاندووە و لە 21ی کانوونی دووەم دەستیپێکردبوو، زیندانییەکان، هەڵگری رەگەزنامەی 61 وڵاتی جیاوازن.