نرخی سیستەمی وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە

بازرگانێکی وزەی خۆر: نرخی پەنێڵ و پاتری لە سەرچاوەوە دابەزیوە

سیستەمی وزەی خۆر
سیستەمی وزەی خۆر

سەرەڕای بەرزیی بەهای دۆلار، نرخی پێداویستییەکانی سیستەمی وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و تێچووی دانانی سیستەمەکە بۆ هاووڵاتییان هەرزانتر بووە.

عەبدوڵڵا شکاک بازرگان و یەکێک لە دابینکەر و جێبەجێکارانی سیستەمی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا، لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دابەزینی نرخەکان پەیوەندی بە بەهای دۆلارەوە نییە، چونکە کڕین و فرۆشتنی سەرجەم پێداویستییەکان هەر بە دۆلارە، بەڵکوو خودی پەنێڵ و پاترییەکان لە سەرچاوەوە نرخەکەیان دابەزیوە.

بە گوتەی ئەو بازرگانە، بەراورد بە چوار مانگ لەمەوبەر، نرخەکان گۆڕانکارییەکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک سیستەمی پێنج کیلۆواتی تێچووەکەی بە تێکڕا 100 بۆ 200 دۆلار (یەک بۆ دوو وەرەقە) و بگرە زیاتریش دابەزیوە. هەروەها پەنێڵی خۆر پێشتر بە 108 بۆ 110 دۆلار بوو، ئێستا نرخەکەی بۆ 90 بۆ 92 دۆلار دابەزیوە. لەبارەی پاتریشەوە باسی لەوە کرد، جۆرێکی پاتری پێشتر بە 1550 بۆ 1650 دۆلار (15 بۆ 16 وەرەقە و نیو) بوو، ئێستا نرخەکەی بۆ 1350 دۆلار (13 وەرەقە و نیو) دابەزیوە.

عەبدوڵڵا شکاک روونیشی کردەوە، هەرچەندە هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە خێرایەی نرخەکان لەسەر ئاستی جیهان بەتەواوی روون نییە، بەڵام ئەمە لە قازانجی هاووڵاتییاندایە و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبای پاکی بۆ کەمکردوونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو بازرگانە تیشکی خستە سەر قۆرخکاریی بازاڕ لە کاتی قەیرانەکاندا و گوتی، زۆرجار کاتێک قەیرانێک یان گرژییەک لە ناوچەکە دروست دەبێت، بۆ نموونە کێشە لە گەرووی هورمز یان رێڕەوە ئاوییەکان، بازرگانە گەورەکان دەستبەجێ تەواوی کاڵاکانی ناو بازاڕ لە کۆمپانیاکان دەکڕنەوە و دەیشارنەوە. ئەمەش وا دەکات کاڵا لە بازاڕدا کەم ببێتەوە و نرخەکەی بەرز ببێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخەش، لە ئێستادا نرخی پێداویستییەکانی وزەی خۆر دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا هاووڵاتییان و خاوەنکاران لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی بەرفراوان روویان لە بەکارهێنانی سیستەمی وزەی خۆر کردووە. ئەم سیستەمە وەک سەرچاوەیەکی پاک و جێگرەوەیەکی هەرزانتر بۆ دابینکردنی کارەبا سەیر دەکرێت. 

لە لایەکی دیکەوە، لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی زۆربوونی کارگەکانی بەرهەمهێنانی پەنێڵی خۆر، بەتایبەتی لە وڵاتی چین، خستنەڕووی ئەم بەرهەمانە لە بازاڕەکانی جیهاندا زۆر زیادی کردووە.