ئێزیدییەکانی شنگال ئێستەش ئاوارەن

کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر قەزای شنگال لە 10مین ساڵیادی نزیک دەبێتەوە، ساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر قەزای شنگال و بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 250 هەزار دانیشتووی ئەو قەزایە، نزیکەی 90 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزرانەوە کە قوربانیان تێیدا نێژرابوون.
"بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعش زیاتر لە شەش هەزار ماڵ لە قەزای شنگال زیانیان پێگەیشت".
نزیکەی 10 ساڵ بەسەر هێرشی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بۆ سەر قەزای شنگال و جینۆساید کردنی ئێزدییەکان تێدەپەڕێت، یەکێکە لە کارەساتبارترین هێرشە تیرۆرستییەکان بۆ سەر خەڵكی سڤیل کە سەدان هەزار کەسی ئاوارە کرد و هەزاران کەس کوژران و بزر بوون.
چەکدارانی داعش لە 3ـی ئابی ساڵی 2014 هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال، ژمارەی دانیشتووانی ئەو قەزایە بەر لە هێرشەکە نزیکەی 500 هەزار کەس بوو، دوای هێرشەکەی داعش نزیکەی 250 هەزار کەس ئاوارەبوون و زۆرینەیان ئێزدی بوون، لەو ژمارەیە 50 هەزار کەس لە پەنایان بردە چیای شنگال و لەوێ گیریان خوارد تا لە هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش ڕزگاریان بێت.
دوای ئازادکردنی شنگال، تا مانگی پێنجی ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری و بژێوی ژیان، نزیکەی 183 هەزار ئاوارەی شنگال نەگەڕاونەتەوە ماڵ و حاڵی خۆیان.
هەر بەهۆی هێرشەکەی داعش بۆ سەر قەزای شنگال نزیکەی سێ هەزار کەس کوژران، شەش هەزار ئافرەت و منداڵی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعش ڕفێندران.
لە کاتێکدا ئاوارەکان لە چیای شنگال گیریان خواردبوو، لانیکەم داعش کۆمەڵکوژری لە شەش گوند کرد، دیارترینیان بریتیین لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە گوندی "کۆچۆ" تێیدا نزیکەی 400 کەس کوژران.
هەروەها لە گوندی حەردان 250 تا 300 کەس بە دەست چەکدارانی داعش کوژران.
دوای ئازادکردنی قەزاکە چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە و ژمارەیان دەگاتە 89 گۆڕی بەکۆمەڵ.
ئەو ماوەیەی قەزاکە لەژێر کۆنترۆڵی داعش بوو، نزیکەی شەش هەزار ماڵ لە قەزای شنگال لەلایەن چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە سووتێندران و زیانیان پێگەیشت.