دوو خانمە هونەرمەندی تارانی لە مەهاباد پێشەنگەیەکی هونەری دەکەنەوە

بۆ یەکەم جارە لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشانگەی هونەریی کەلوپەلی داتاشراو لە دار، لە لایەن دوو ئافرەتی هونەرمەندی دانیشتووی تاران دەکرێتەوە، دوو هونەرمەندەکە یەکێکیان کوردە و ئەوەی دیکەیان فارسە بە کارە هونەرییەکانیان چەندین کەلوپەل و پێداویستییەکانی ناو ماڵیان بە دیزاین و مۆدێلی تازە دروست کردووە.
یەکەم پێشانگەی کاری هونەریی لە دار دروستکراو، لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتەوە. بەرهەمی دوو هونەرمەندی ئافرەتی دانیشتووی تاران کە یەکیان خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی تارانە. ئەم دوو هونەرمەندە کۆلێژی هونەریان تەواو کردووە و لە زانکۆ یەکتریان ناسیوە و ئێستا ساڵانێکە پێکەوە، بە تایبەتی لە بواری هونەری خەڕڕاتی و دارتاشیدا کار دەکەن. ئەوان پێشتر چەندین پێشانگایان لە شارەکانی ئێران کردووەتەوە بەڵام ئەمە یەکەم جارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیشانگایەکی لەم شێوەیە دەکەنەوە.
هەوار فەیزوڵڵابەگی، هونەرمەند و بەشداربووی پێشەنگەکە دەڵێ "20 ساڵە لە کارە هونەرییەکانی دارتاشی کار دەکەم و نزیکەی پێنج ساڵیشە لە کاری تۆڕنە دەکەم بۆ دروستکردنی ستاند و ڕاگرەکانی ڕووناکیی لە دارو تەختە، بۆ کارە هونەرییەکانیشمان سوود لە داری گوێز و چەند دارێکی دیکە وەردەگرین".
خانمە هونەرمەندێکی فارس بەناوی سەعیدە هاشمی، دەڵێ "سەرەتا کارکردمان زۆر دژوار بوو. بەڵام بەو پێشانگەیەی بەڕێوەمان برد و ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ دامەزراوە جۆراوجۆرەکان و هونەرمەندە پیاوەکانی ئەم بوارە هەمانبوو، توانیمان تا ڕادەیەک خۆمان بناسێنین".
لەم پێشانگەیەدا لە سینی و پەرداخ و لیوان و قاپ و قاچاخەوە بگرە، تا شەمدان و قەنددان و گوڵدان و میوەخۆری و گەلێکی دیکە لە کەلوپەلی ڕازاندنەوەی ناوماڵ کە هەر هەموویان لە دار تاشراون نمایش کراون. ئەم هونەرمەندانە بۆ دروستکردنی ئەم بەرهەمانە لە دارەکانی گوێز، سنجوو و هەرمێ کە قایمتر لە دارەکانی دیکەن و ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە کەڵکیان وەرگرتووە.
پەروین دانش پەژووه، دانیشووی مەهاباد دەڵێت "پێشانگەیەکی جوان و سەرنجڕاکێشە، بەو کارە جوان و ناسکەی لە داتاشینی دارەکان کراوە ئارامی بە دڵ و چاوەکان دەبەخشێت هەست بە دەردەڵ دەکەیت لەگەڵ کارە هونەرییەکان".
هونەری خەڕڕاتی هونەرێکی کۆنە کە لە سەردەمانی پێشوودا زیاتر لەوە وەک هونەر سەیری بکرێ وەک پیشە چاوی لێ کراوە و پیشەیەکی پیاوانەش بووە. بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا پیشەی خەڕڕاتی وردە وردە لەناو چووە و جێگای خۆی بە هونەری خەڕاتی داوە کە ئێستا لە کۆلێژەکانی هونەری ئیرانیش لقی تایبەت بە خۆی هەیە. لەم لقە هونەرییەشدا ئافرەتان هەوڵ دەدەن جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان هاوشانی پیاوان بەدەست بێنن.