تورکیا .. دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێک ماڵی سوورییەکان وێران دەکات

مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، خەڵکی پارێزگای قەیسەری هێرشیان کردە سەر دووکان و موڵک و ماڵی سووریەکان، ئەمەش دوای ئەوەی کەسێکی سووری بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵێکی بچووکی تەمەن پێنج ساڵان دەستگیر کرا.

چەند ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت خەڵک پەنجەرەی دوکانێکی ئازوخەفرۆشی دەشکێنن کە گوایە لەلایەن بازرگانانی سووریاوە بەڕێوە دەبرێت، دواتر ئاگری تێ بەردەدەن. هەروەها 10 پۆلیس بریندار بوون و زیانێکی گەورەی ماددیش بەو گەڕەکە کەوت.

هەر لە گرتە ڤیدیۆکان دەرکەوتووە گەنجان بە بەرد و کەرەستەی دیکە لە ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی سوورییەکان دەدەن لە هەمان شوێن کە زۆربەی پەنابەرانی سووری لەو شوێنە کاردەکەن.

ئاژانسی هەواڵی(DHA) بڵاوی کردەوە، ئەوکەسانە پەلاماری موڵک و ماڵی دیکەی سوورییەکانیان داوە.

لە گرتە ڤیدیۆکان دەرکەوتووە پیاوێک هاوار دەکات و دەڵێت: "ئێمە چیتر سووریایمان ناوێت! بێگانەی زیاترمان ناوێت!".

بەگوێرەی ئاژانسی (DHA)  هێزەکانی پۆلیس لە قەیسەری جێگیرکراون بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئارامی شوێنەکە.

گۆکمەن چیچەک، پارێزگاری قەیسەری گوتی: وەک برایەک داواتان لێدەکەم لە ڕێی خوا گوێم لێ بگرن. لە هەستەکانتان دەگەم و دەزانم چەند توڕەن. باش دەزانم کە رووداوێکی چەند ئابڕووبەرانە و نزمە، بەڵێنتان پێ دەدەم جارێکی دیکە لە گەڕەکەکەمان ڕووداوێکی وەها ڕوو نادات. تکاتان لێ دەکەم با ئازار بە پۆلیسەکانمان نەگات، تکاتان لێدەکەم بگەڕێنەوە ماڵەکانتان".

جیا لەوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا پارێزگاری قەیسەری ئاشکرای کرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و کەسەکە لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت، هاوکات منداڵەکەش خراوەتە ژێر چاودێریی کۆمەڵایەتی، داواش لەهاووڵاتییان کرا، دان بەخۆدا بگرن هێزە ئەمنییەکان چی پێویست بێت دەیکەن. دوای ئەم ڕاگەیەندراوە دۆخەکە هێوربووەوە و ڕێکارە ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایە زیاد کرا.

نزیکەی سێ ملیۆن و 200 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیان، ماوەیەک بەر لە ئێستە دەیان هەزار سووری دیپۆرتی وڵاتەکەیان کراونەتەوە.

چارەنووسی پەنابەرانی سووری بە بەردەوامی لە مشتومڕە سیاسییەکانی تورکیادا دێتە ئاراوە و نەیارانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ سووریا دەکەن.