ماراسۆنی ڕاکردنی خۆشیی منداڵان دەکرێت
دووشەممە، 1ـی تەمووزی 2024، ئەحمەد داود، ئەندامی ڕێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕاکردنی خۆشیی منداڵان دەرکرێت لە بەرواری 6ـی تەمووز، بۆ ئەو منداڵانەی ئارەزووی ڕاکردن دەکەن.
ئەحمەد دەڵێت، "ساڵانە، وەکو ڕێکخراوی ئەربیل ماراسۆن چەند چالاکییەک دەکەین، وەکو ماراسۆنی گشتی لە مانگی 10دا دەکرێت، هەموو ساڵێکیش لە مانگی شەش بۆ حەوت ماراسۆنی منداڵان دەکرێت، ئەم ماراسۆنەش زیاتر بۆ خۆشیی منداڵانە خەڵاتی تێیدا نییە و هەموو منداڵێکیش دەتوانێت بەشداری بکات".
دەشڵێت: "ئەم ماراسۆنە، منداڵانی تەمەن شەش بۆ 13 ساڵی دەگرێتەوە، هەروەها چەند دیارییەکی تێدایە لەوانە بڕوانامەی بەشداربوون کە بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتییە، لەگەڵ چەندان دیاری جۆراوجۆری دیکە و هەموو منداڵیک دەتوانێت بەشداربێت".
ئەحمەد ڕاشیگەیاند، "ناونووسین لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان و بە ئۆنلاینە، هەروەها ئەو ناونووسینەش سنووردارە، ناتوانین زیاتر لە هەزار منداڵ وەربگرین و تاکو ئێستەش 600 منداڵ ناویان نووسیووە".