جێگری پارێزگاری هەولێر: دەرکەوت کێ لە خزمەت هاووڵاتیانە و کێ دژیانە

جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئێمە لەو هەموو ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر، سەرمان سووڕما؛ ئێستە خۆشحاڵین کە ئەو تۆمەتبارانە دەستگیر کراون.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە لەو هەموو ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر، سەرمان سووڕما، بۆیە عەقلمان قبوڵی نەدەکرد ئەو هەموو ئاگرکەوتنەوانە چۆن لەماوەیەکی کەمدا ڕوویان دەدا.
گوتیشی: ئاگرەکان تەنها لەشەودا دەکەوتنەوە. بۆیە بووە جێگەی گومان و پرسیار، بەڵام خۆشبەختانە ئەوەی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە ئەو تۆمەتبارانە ئاشکرا کراون و دیارە کێیان لە پشت بووە، بۆیە ئێمە دەپرسین مەبەستیان لەوکارە چی بووە، ئێمە نیگەرانی ئەو خەڵکە بووین کە بەهۆی ئەو ئاگرانەوە بێکار بوونە.
جێگری پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، خاڵی گرنگ بۆ ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە چۆن بتوانین ئارامیی دابین بکەین و دەرفەتی کار بڕەخسێنین تاوەکو هاووڵاتیان کاری خۆیان بکەن و بژێوی ژیانی ماڵ منداڵی خۆیان پەیدا بکەن.
بە گوتەی مەسعود کاڕەش، بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری بە بەشی کۆن و نوێ، نزیکەی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار دراوەتە بەڵێندەر و ئێستە کاردەکەن، جگە لەو زیانانەی کە بەخاکەکەی گەیشتووە. پاشان لەناوبردنی ئەو شوێنەوارە کارەساتە؛ چونکە ئێمە بەنیازی نۆژەنکردنەوەی بووین. هەورەها تێچووی چاککردنەوەی بازاڕی لەنگە بە هەردوو جارییەوە نزیکەی 570 ملیۆن دینار بووە.
دەشڵێ: ئێستا بەدیار کەوت کێ لە خزمەت هاووڵاتیانە و کێ دژیانە، کێ دەرفەتی کار و ئارامیی بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت و کێ دژی ئارامییە.