عێراق پابەند نییە بە ڕێککەوتنەکان و خزمەتگوزاری پێویست بۆ ئاوارەکانی شنگال
نۆ ساڵە شنگال ڕزگار کراوە و حەوت ساڵیشە سەرکەوتن بەسەر داعش ڕاگەیەندراوە، بەڵام حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمی لەگەڕانەوەی ئاوارەکان کردووە و نوسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکان ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 135 هەزار ئاوارەی شنگال لە 16 کەمپی سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێ کراون و بەشێکی کەمیان گەڕاونەتەوە. ئەوانی دیکە بەهۆی پابەند نەبوونی حکوومەتی عێراق بە ڕێککەوتنەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە.
دوای ئەو ڕووداوانەی کە لە 10 ساڵی ڕابردوو بەسەر ئێزدییەکان لە شنگال هات، تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق هەنگاوی پێویستی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نەگرتووەتەبەر و خزمەتگوزاری پێویستی نەگەیاندووەتە ناوچەکانیان.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری نوسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکان، بەهۆی هێرشی داعش 135 هەزار و 860 ئاوارەی ئێزدی، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون کە لەسنووری پارێزگای دهۆک لە زیاتر لە 16 کەمپدا نیشتەجێکران، جگە لەوەش 189 هەزار و 337 کەسی دیکە ئاوارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون، جگە لە ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەس بۆ وڵاتانی دیکە.
هەروەها نزیکەی حەوت هەزار ئێزدی بەهۆی هێرشەکانی داعش بزر بوون بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 400 ڕفێندراوی گەڕاندوونەتەوە.
نۆ ساڵە شنگال لەدەستی داعش ڕزگار کراوە و حەوت ساڵیشە سەرکەوتن بەسەر داعش ڕاگەیێندراوە کەچی حکوومەتی عێراق پەڕگیری لەچارە کردنی ئەو کێشانە دەکات کە دەبنە هۆی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری و گەڕانەوەی ئاوارەکان لەوانە
-پابەند نەبوونی بە رێککەوتنەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم
-پاکنەکردنەوەی ناوچەکان لە پاشماوەی شهڕ
-جێبەجێنەکردنی خزمەتگوزاری پێویست لەو ناوچانە
-ترسی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە گرووپە چەکدارە نایاساییەکان
-دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان لەلایەن میلیشیاکان
-نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەو ناوچانە
-نەڕەخساندنی زەمینەی ئابووریی بژێوی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەناوچەکانیان