ئێران داوا لە حەسەن نەسروڵلا دەکات خۆی بشارێتەوە

حەسەن نەسروڵا، ئەمینداریگشتی حزبوڵڵا
حەسەن نەسروڵا، ئەمینداریگشتی حزبوڵڵا

ئێران داوای لە ئەمینداری حزبوڵلای لوبنان کردووە خۆی بشاریتەوە، چونکە ئیسرائیل هەوڵی لەناوبردنی دەدات.

ڕۆژنامەی ئێپێک تایمزی ئیسرائیلی ڕایگەیاند بەرپرسانی ئێران داوایان لە حەسەن نەسروڵلا ئەمینداری حزبوڵلای لوبنانی کردووە جێگەکەی بگۆڕێت و خۆی بشارێتەوە، چونکە ئیسرائیل هەوڵی لەناوبردنی دەدات.

ئەو ڕۆژنامە ئیسرائیلییە باسی لەوەش کردووە، لەدوای هەڕەشەکردن لە قوبرس و ئیسرائیل، حەسەن نەسروڵلا بەیروتی پایتەختی لوبنانی بەجێهێشتووە و لەجێگەیەکی دیکە خۆی شاردووەتەوە. ناوبراو داوایەکی ئێرانی بۆ نیشتەجێبوون لەتاران تا کۆتایهاتنی جەنگ ڕەت کردووەتەوە.

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند،  لە کۆتایهێنان بە هێزی سەربازی حەماس  لە غەززە نزیکن و دەستکەوتی گەورەیان بەدەست هێناوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، ئامانجیانە ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە لە کەرتی غەززەوە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست ببێت.

دەشڵێت، "دوێنێ لە کەرتی غەززە گەڕامەوە، بەڕاستی ئێمە لەو ناوچەیە دەستکەوتی باشمان بەدەست هێناوە، بەتایبەتی لە ڕەفەح. ئێمە نزیکین لە کۆتایهێنان بە هێزەکانی حەماس. بێگومان لەدوای ئەوەش بەردەوام دەبین لە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانیان.

گوتیشی، "ئێمە سوورین لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەکانمان، لە گەڕاندنەوەی بارمتەکان و لەناوبردنی تەواوی حەماس. نامانەوێت غەززە جارێکی دیکە ببێتە بەر هەڕەشە. زیاد لەوەش دەمانەوێت ئاوارەکانی باکوور و باشووری ئیسرائیل بەسەلامەتی بگێڕینەوە".

لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، حەماس ڕێگرە لەبەردەم جێ بەجێکردنی پشنیازەکەی جۆو بایدن بۆ ئاگربەست و مەرج نییە ئاگربەست بێتە کایەوە.

ڕاشیگەیاند، نە قبووڵیانە ئیسرائیل غەززە داگیربکات، نە حەماسیش لەحوکمکردنی غەززە بەشدار بێت.

هەروەها ئەوە پێشنیازەی سەرۆک بایدن بۆ ئاگربەستی غەززەی داناوە دەکرێت بەدی بێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە بەدی دێت. هەموو جیهان پشتیوانیی ئاگربەستەکەیان کرد، بەڵام حەماس هەڵوێستیان گۆڕی و مەرجەکانی خۆیان گۆڕی.

دەشڵێت، "چەند شتێک هەیە ئێمە سەبارەت بە داهاتووی غەززە قبوڵی ناکەین، یەکەم داگیرکردنی کەرتەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە، مانەوەی سەرکردایەتی غەززە لەدەستی حەماسدا، دەبێت جێگرەوەیەک بۆ حوکمی حەماس لە غەززە بدۆزرێتەوە".