بۆ یەکەمین جار کتێبێکی سەرۆک بارزانی، لەسەر ئاستی جیهان خەڵات دەکرێت
ساڵانە لە لایەن "American Book Feast" پێشبڕکێی خەڵاتی نێودەوڵەتیی کتێب دەبەخشرێتە باشترین کتێب لە هەموو بوارەکاندا. كتێبێكی سەرۆك بارزانی، بەناوی "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، شۆڕشی گوڵان" ئەمساڵ بە زمانی ئینگلیزی چاپ كراوە و تایبەتە بە بیرەوەریی لەسەر ڕووداوە مێژووییەكانی چەندان دەیەی ڕابردوو، خەڵاتی دووەمی لەو پێشبڕكێ نێودەوڵەتییەدا بەدەست هێنا.
جێفری كین، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای "American Book Feast" و ڕێكخەری خەڵاتە نێودەوڵەتییەكەیە ڕایگەیاند، ئەمساڵ هەزاران ناونیشانیان پێشكەش كراون و تەنیا ژمارەیەكی كەم پاڵێوراون بۆ خەڵاتەكان.
لە پێشبڕكێكەدا، جگە لە كتێبەكەی سەرۆك مەسعوود بارزانی، كتێبی بیرەوەرییەكانی هەریەك لە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان، لەگەڵ كتێبی ژیاننامەی گۆرانیبێژ و پێشكەشكاری ناسراوی ئەمەریكی ڤێنیسا ولیەمس، كتێبی ژیاننامەی ئەكتەری ناسراوی ئەمەریكی بۆب ئۆدینكێركیش هەبوون.
پێشبڕكێی خەڵاتی نێودەوڵەتیی کتێب، 15 ساڵە بەڕێوە دەچێت، ئەو خەڵاتە بە باشترین كتێبەكانی ساڵ لە هەموو بوارەکان دەبەخشێت، تا ئێستە چەندان خەڵات بە چەندان كتێب لە سەرجەم بوارەكان لە جیهان بەخشراوە.
"بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد" لە دوو بەش پێك هاتووە، لە هەردوو بەشەكە بە وردی باس لە ڕووداوەكانی ماوەی نێوان ساڵانی 1975 تا 1990 دەكات، چەندان ڕووداوی گرنگ و مێژوویی ڕوویان دا و بوونەتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی گەلی كوردستان.