پسپۆڕێکی یاسایی تاوان: سزای سووتاندنی شوێنێک بە ئەنقەست تا لەسێدارەدان دەچێت

پسپۆڕێکی یاسایی تاوان دەڵێت: بەگوێرەی یاسای سزادان ئەو کارانە بەتاوان دادەنرێت، ئەگەر بە ئەنقەست بووبێت سزاکەی تا لەسێدارەدان دەچێت.

د. عیماد فەتاح، پسپۆڕی یاسایی تاوان، بە کورستان24ـی ڕاگەیاند، ڕووداوی سووتاندنی بازاڕی شارەکانی هەرێمی کوردستان کارێکی نامرۆڤانە بوو، دەشڵێ، بەگوێرەی یاسای سزادان ئەو کارانە بەتاوان دادەنرێت و چەند ماددەیەکی بۆ تەرخان کراوە.

سەبارەت بە یاسای سزادان، ئەو پسپۆڕە دەڵێت، دەبێت پێشەکی بزانرێت هەر تاوانێک ڕوودەدات ئایا بە ئەنقەست بووە یان بە هەڵە کراوە، چونکە هەر یەکێک لەمانە سزایەکی تایبەت بەخۆی هەیە، گوتیشی: ئەگەر تاوانەکە بە شێوەیەکی ئەنقەست کرابێت ئەوە سزاکەی زۆر توند دەبێت تادەگاتە سزای لە سێدارەدان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە دوو ماددەمان هەیە لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ ئەو تاوانەی بەشێوەی ئەنقەست دەکرێت هەتاوەکو لە دەقی یاساکە هاتووە، "ئەگەر کەسێک ماڵێکی گواستراو یان نەگواستراو، هەتاوەکو ماڵەکەی هی خۆشی بێت، بیسووتێنێت و ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، ئەوە سزاکەی تاوەکو 15 ساڵ دەبێت"، بەڵام لە بڕگەیەکی دیکە بارودۆخی توندکراو دانراوە، کە ئەگەر کەسێک لە جێگەیەکی قەرەباڵغ ئەو کارە بکات سزاکەی لە 5 تا 20 ساڵ دەبێت.

عیماد فەتاح، جەختیشی کردەوە، ئەگەر ئەو کەسە بە ئەنقەست ئەو کارەی کرد و بووە هۆی گیان سپاردنی هاووڵاتیان ئەوە سزاکەی دەبێتە لە سێدارەدان، بەڵام ئەوە دەبێت دادگا ڕوونی بکاتەوە ئایا کارەکە بە ئەنقەستە یان بەهەڵە بووە.

سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەڵێت، ئەگەر هاتوو ئەوکەسە نەیتوانی قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە، ئەوە یاسایەکمان هەیە کە کەسی تۆمەتبار هەرچی سەروەت و سامانی هەیە دەبێت بفرۆشرێت و بدرێتە تاوانلێکراوان.

Fly Erbil Advertisment