وەزیری پێشمەرگە: کـێشەی ئەو هێزانە چارەدەکەین کە بێبەشبوون لە هاوکاری دارایی هاوپەیمانان

کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان
کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان

K24 – هەولێر:

وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو پێشمەرگە سوودمەند بن لە هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان.

ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی لە هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پێشمەرگە بە گرنگیەوە باسی لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی و داڕشتنەوەی کارنامەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاندووە: چاکسازی پرۆسەیەکی جددییە و قۆناغی گرنگی ئەو پرۆسەیە جێبەجێ کراوە و تائێستاش بەردەوامە، ئەمەش بە هاوکاری و پشتیوانی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵـەتی تاوەکو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و بنیادنانی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە: "بە گرنگییەوە تاوتوێی کێشەکانی چەند لیوا و فەوجێکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد، کە بێبەشبوون لەو هاوکارییە داراییەی هاوپەیمانان بە هۆکاری چەند کێشەیەکی ئەمنی و تەکنیکی، لەمبارەوە وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: "دەبێت بە زووترین کات کێشەکان چارەسەر بکەین و گۆڕانکاری بکەین بە هاوکاری و هەماهەنگی هەموولایەک، تاوەکوو پێشمەرگە قارەمانەکان بە گشتی سوودمەند بن لەو هاوکارییە داراییەی مانگانە دەبەخشرێت بە پێشمەرگە".

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، دەربارەی پڕۆسەی چاکسازی و داڕشتنەوەی کارنامەی وەزارەت ڕایگەیاند: "ئێمە هاوکار و پشتیوانتان دەبین لەم پڕۆسە گرنگ و پڕبایەخەدا، هیوادارین پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی پێشکەوتووی سەردەمیانە لە پێناو پاراستنی سنوور و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە".

هاوکات بەردەوامی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان دووپاتکرایەوە، هەوڵ و هەنگاوەکان و کاری پێكەوەیی لە ئایندەدا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.