ژمارەیەک کۆچبەری دیکە گەڕێنرانەوە

شەش گەنجی کۆچبەری دەڤەری راپەڕین لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە لە لیبیا گەڕێندرانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو شەش کۆچبەرە کوردە بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رێکخراوە. گەنجەکان پێشتر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆچی نایاسایی لە رۆژهەڵاتی تەرابلوس دەستگیرکرابوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە رانییە، کۆچبەرە گەڕاوەکان کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کاتژمێر 5:00ـی بەرەبەیان گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و دەروونییان، پەیامنێرمان روونیکردەوە، کۆچبەرەکان کاتێک دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، دۆخێکی نالەباریان هەیە و پێشوازی لە میوانان ناکەن. هاوکات کەسوکاری بەشێک لەو گەنجانە بە پەیامنێری کوردستان24یان گوت، بەپێی گێڕانەوەی کوڕەکانیان دۆخیان لە لیبیا بەراورد بە کۆچبەرانی دیکە باشتر بووە.

کەسوکاری کۆچبەرەکان روونیکردەوە، ئەو گەنجانە لە دۆخێکدا نەبوون کە وەک کۆچبەرانی دیکە رووبەڕووی ئەشکەنجە، رفاندن، سووکایەتی یان دەستبەسەرکردن ببنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی لە رێگەی لیبیاوە تەنیا لە مەترسییەکانی دەریا و بەلەمەکاندا کورت نابێتەوە. کۆچبەران لەو وڵاتە رووبەڕووی برسێتی، رفاندن و سووکایەتی دەبنەوە، کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان یان قاچاخچییەکانەوە دەکرێن، چونکە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی لیبیا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتن و لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکاندان.