ئەمەریکا گەشت بۆ عێراق و 18 وڵاتی دیکە لە هاووڵاتییانی قەدەغە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشدارینامەیەکی ئاراستەی هاووڵاتییان کردووە و داوایان لێ دەکات سەردانی 19 وڵات نەکەن، عێراقیش یەکێکە لە وڵاتەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری داوەتە هاووڵاتییەکانی کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ 19 وڵات بپارێزن کە شەش وڵاتیان عەرەبین و عێراقیش یەکێکە لە وڵاتەکان.
بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە بەهۆی هەبوونی هەڕەشە و مەترسی تیرۆر، ڕفاندن و مەترسی لەسەر ژیانیان هاووڵاتییانی ئەمەریکا نابێت سەردانی عێراق، لیبیا، سووریا، سۆماڵ، یەمەن و سوودان بکەن.
هەر لە لیستەکە، وەزارەتی دەرەوە هۆشداری داوەتە هاووڵاتییانی و ئاگاداریان دەکاتەوە کە سەردانی ئێران، بیلاڕووس، رووسیا، ئەفغانستان، کۆریای باکوور، ئۆکرانیا و ڤەنزوێلاش نەکەن.
بەهۆی درێژە کێشانی شەڕی غەززە و هەڕەشەکانی لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ باشووری لوبنان هێندەی دیکە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەترسیدارتر کردووە و دوو ڕۆژی ڕابردوو بەرەی مقاوەمەی بەناو ئیسلامی، لە عێراق هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و بەرژوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق ڕاگەیاند.
بەرەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووتەوە، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنانی، هێرشەکانیان ڕاستەوخۆ بۆ سەر بنکە، سەربازەگە و بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەست پێ دەکەنەوە، ئەمەش هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی ئەمەریکا ئەگەر گەشتی عێراق بکەن.
هەروەها لە حوزەیرانی ڕابردوودا چەندین جار گرووپە میلیشیاکان پەلاماری خواردنگە بیانییەکانیاندا لە بەغدا، بە تایبەت زنجیرەی خواردنگە براندەکانی ئەمەریکا و بەهۆیەوە بەشێکیان داخران.