بەئاساییکردنەوەی پەیوەندی ئەنقەرە و دیمەشق چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان لە مەترسی دەبێت
ڕووسیا پێشنیازی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی سووریا و توركیای کردووە و سەرۆکی هەردوو وڵاتیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک.
ڕووسیا کە بەڕزگارکەری ڕژێمی سووریا ناسراوە، کاریگەرییەکانی لە سەر سووریا هێندە زۆرە و مەحاڵە بتوانێت لە هیچ ڕاسپاردە و پێشیازێکی مۆسکۆ ڕەت بکاتەوە، هەربۆیە بەشار ئەسەد ئامادەیی خۆیی بۆ هەر دەستپێشخەرییەک ڕاگەیاندووە.
لەلایەن خۆیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاندووە، هیچ هۆکارێک بۆ ڕەتکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا نییە، بەڵام پرسی گرنگ ئەوەیە، ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەم نێوەندەدا چی دەبێت.
بەگوێرەی هاوکێشە سیاسییەکان هەر هەنگاوێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق، ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، کە خۆیان بە ڕێڤەبەریی خۆسەر لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا ناساندووە، دەکەوێتە مەترسی. لەلایەکی دیکەوە چارەنووسی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکاش لە ڕۆژئاوا و سووریا ناڕوونە.
لە بارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا و لێکەوتەکانی، ڤەدیم مەکەرێنکە، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسی دەڵێ "لایەنەکان ئێستا لە خەمی چارەسەری قەیرانی سووریادان بەبێ ئەمەریکا، ڕۆژئاوای کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی پێویستە چارە بکرێت، چونکە ئەوان پشتیان بە هێزەکانی ئەمەریکا ئەستوورە و دابینکەری ئاسایشن بۆیان، بێگومان خۆیان هێزی سەربازی سنوردار و شەڕکەرییان هەیە، بۆیە دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا ئەو پرسیارە جێدەهێڵێت کە چۆن چارەی پرسی ئاڵۆزی ئەو ناوچەیە بکرێت".
مەکەرێنکە دەشڵێت "هەڵوێستی ڕووسیا لەم پرسەدا ڕوونە کە یەکپارچەیی خاکی سووریایە، بۆیە کورد دەبێت لەگەڵ حکوومەتی ئەسەد بە دانووستان و گفتوگۆ ناکۆکییەکانیان چارە بکەن و شوێن و پێگەی خۆیان بدۆزنەوە".
تا هەنوکە ئیدارەی خۆسەر فەرمانڕەوایی بەشێکی زۆری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، بەشێک لە پسپۆڕان پێیانوایە، یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم ڕێککەوتنی سووریا و تورکیا، ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوایە. ئێستا بەشداری پێکردنیان لە گفتوگۆکاندا پرسێکی گەرمە لە ڕووسیا، کە ئایا بەشێک دەبن لە چارە یاخود پەراوێز دەخرێن.
هەر لە بارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق لەلایەک و چارەنووسی ڕێڤەبەریی خۆسەر لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا، ئەندرێی بەکڵانۆڤ پسپۆر لە زانستە سیاسییەکان دەڵێ"ئێستا هەوڵێک بۆ چارەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، پرسی کورد یەکێکە لە تەوەر و بابەتەکان، کورد بێزاربووە لەوەی پرسەکەیان بەهەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە، ئەم بابەتە ئەشێت بە ئاراستەی جیاواز هەنگاوی چارەی بۆ بنرێت تا بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەگات".
دەشڵێت "بە بڕوای من ئەمە پرسێکی دادپەروەرانەیە، بەڵام ئەستەمە، ڕەنگە خوێنڕێژی بە دوادا بێت، بۆیە پێویستە بە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بابەتەکان شەنوکە و بکەن و بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت سازش و دانوستان هەبێت، بە بڕوای من بۆ پاراستنی یەکپارچەیی سووریا چارەسەر ئەوەیە کە کوردەکان بەشداری جددیان هەبێت لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا"
ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرە پرسێکی گرنگە بەلای مۆسکۆوە، ئەگەرچی کورد لە جەنگی دژی تیرۆردا ڕۆڵی کارای هەبوو، بەڵام هەنوکە لە پرسی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی سووریا خەریکە پەراوێز دەخرێت و ئەو ئەرک و ڕۆڵەی لە بەرتەسک کردنەوەی بەهاری عەرەبیی و شەڕی ناوخۆیی سووریا لەبەرژەوەندی ڕژێمی ئەسەد پێسپێردرابوو، کۆتایی دێت.
پسپۆڕانی رووس بڕوایانوایە مانەوەی کوردەکان هێشتا بۆ پاراستن و ئاسایشی سووریا سوودی دەبێت، هەربۆیە بڕوایانوایە دەبێت کوردەکان بچنەوە ژێر باڵ و فەرمانی حکوومەتی سووریا و لە دیمەشقەوە بڕیار وەربگرن.