هەژماری من رێکاری نوێ بۆ دابەشکردنی کارتە بانکییەکان رادەگەیەنێت

تیمی هەژماری من ئاماژە بەوە دەکات، ئەو مووچەخۆر و خانەنشینانەی کێشەی دووریی بنکەکانی وەرگرتنەوەی کارتەکانیان هەبوو، چیتر پێویست ناکات بۆ وەرگرتنی کارتەکانیان سەردانی شار و شارۆچکە دوورەکان بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، هەژماری من رایگەیاند، بەشێک لە سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من بەتایبەت خانەنشینان کێشەیان هەبوو لەوەی کەوا بۆ وەرگرتنەوەی کارتە بانکییەکانیان پێویستە سەردانی شوێنی دوور بکەن لە کاتێکدا بانکی نزیکتر لێیانەوە هەیە، کێشەکە چارەسەرکراوە و سوودمەندان دەتوانن بە دوو رێگا کارتەکانیان وەربگرنەوە لەو بانکانەی کە لێیانەوە نزیکن.

داوا لە مووچەخۆران و خانەنشینان دەکات، سەردانی نزیکترین بانکی حکوومی بکەن و دەتوانرێت لەو شوێنە وەربگریتەوە، تەنیا پێویستە چاوەڕێ بکەیت بۆ چەند رۆژێک تاوەکو کارتەکەت دەگات بەو بانکەی کە داواکاریت تێیدا پێشکەش کردووە.

هەژماری من رایگەیاندووە، هاووڵاتیان دەتوانن چاوەڕێ بکەن تاوەکو نامەیەکی نوێییان پێدەگات، چونکە تیمی هەژماری من لە ئێستادا خۆیان وا کێشەکەیان گرتووەتە دەست و لە ماوەی داهاتوودا سەرجەم کارتەکان دابەش دەکەن بەپێی نزیکترین شوێنی مووچەخۆران لە بانکە حکوومییەکانەوە.

هەروەها باس لەوە کراوە، هۆکاری روودانی ئەم کێشەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاتێک کەسێک لە شارێکی جیاواز لە شارەکەی خۆی دەوام دەکات، بەڵام دواتر خانەنشین دەبێت و دەگەڕێتەوە شارەکەی خۆی.