بە ئامانجگرتنی براندە ئەمەریکییەکان لە بەغدا؛ هاتنی وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکانی دواخست
ئەو هێرشانەی ژمارەیەک ناوەندیی بازرگانی و خواردنگەی بیانی لە بەغدا کردنە ئامانج، لێکەوتەی نەرێنی بەدوای خۆیاندا هێناوە. شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت، هێرشەکان کاریگەریی خراپیان لەسەر ئەو گرێبەستە بازرگانییانە دروستکرد کە سوودانی لە واشنتن لەگەڵ ژمارەیەک وەبەرهێنەری ئەمەریکدا ئیمزا کردن.
کرێکارانی بەشێک لە شوێنە بازرگانییەکان و خواردنگەکان کە بەبیانووی ئەوەی ئەمەریکین و پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن هێرشیان کرایە سەر.هێشتا ترسی دووبارە بوونەوەی ئەو هێرشانەیان هەیە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کران. بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەشێکیان کارەکانیان لە دەست داوە. عەباس یەکێک بوو لە کارمەندانی ئەو چێشتخانانە و بەهۆی هێرشەکانەوە کارەکەی لە دەست داوە.
عەباس لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "خێزانم هەیە و ئەرکی خێزانداریم لە ئەستۆیە. من چ پەیوەندیم بە پرسە سیاسییەکانەوە هەیە؟ من چ پەیوەندیم بەوە هەیە کە ڕوویانداوە؟ 20 بۆ 30 کەس بە جلی ڕەشەوە لەبەرچاوی خەڵک هەڵدەکوتنە سەر ئەو شوێنانە و شتەکانی دەشکێنن، خێزانەکانیش ڕایانکرد. کوا سیستەم کوا سەقامگیریی؟.
ئەم هێرشانە تەنیا کاریگەریان لەسەر کارمەندانی ئەو خواردنگە و شوێنە بازرگانییە نەبووە، بەڵکوو کاریگەری نەرێنی لەسەر دەیان وەبەرهێنەری ئەمەریکی دروست کردووە کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن گرێبەستیان لەگەڵدا ئیمزا کردوون کە دەکرا لە عێراق کاریان بکردبایە، بەڵام هێرشەکان دوایخستن.
جەلیل لامی، پسپۆڕی ئابووری لەوبارەوە دەڵێت، "رێککەوتن و گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا و براندە نێودەوڵەتییەکان ژمارەیان لە 100 هاوبەشی وەبەرهێنان تێپەڕیوە. ئەگەر ئەم هێرشانە نەوبوایە کە بەم دواییانە ڕوویاندا کە هەندێک لە خواردنگە بیانییەکان کرانە ئامانج، هیوایەک هەبوو کە ئەم هاوبەشانە قەبارەی وەبەرهێنان لە عێراق فراوانتر بکەن".
هێرشکردنە سەر براندەکانی وەبەرهێنان چ رۆژئاوایی بێت یان هەر براندێکی دیکە، ئەگەر لە داهاتوودا دووبارە ببێتەوە، ئەو کاتە عێراق دەخاتە بەر سەنگی مەحەک، رەنگە ببێتە هۆی کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە و، ئەمەش ئەو ئاماژە مەترسیدارەیە کە شارەزایان هۆشداری لێوە دەدەن.