ئەمەریکا.. دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەری 'زەهایمەر' پەسەند دەکرێت
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمەریکی، ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا، "FDA" ڕەزامەندی لەسەر دەرمانی "کیسۆنلا"ـی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە پێشوەختەی لە بیرچوونەوە "زەهایمەر" دەربڕیوە، کە لەلایەن کۆمپانیای "ئێلی لیلی" بۆ دەرمان بەرهەم دەهێنرێت.
"کیسۆنلا" کە ناوی زانستیەکەی "donanemab"ـە، هەروەها سێیەم دەرمانە کە "ئامیلۆید" دەکاتە ئامانج و لە مێشکدا کۆدەبێتەوە و پەیوەندییان بە نەخۆشی زەهایمەرەوە هەیە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، "کیسۆنلا" تێکچوونی مەعریفی و کارایی لە توشبووانی زەهایمەردا خاودەکاتەوە، بەڵام چارەسەری نەخۆشییەکە ناکات، بەو پێیەی مانگانە جارێک دەرمانەکە لە ڕێگەی خوێنبەرەوە دەدرێت، هەروەها دەتوانرێت چارەسەرکردن بوەستێنرێت کاتێک ئاستی ئامیلۆید لە نەخۆشەکەدا دابەزیوە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای هەندێک نیگەرانی سەبارەت بە سەلامەتی و تێچووی دەرمانەکە، بەڵام پەسەندکردنی بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کۆمپانیای "ئێلی لیلی" دادەنرێت و دەتوانێت دەرگا بەڕووی چارەسەری نوێی دیکەی نەخۆشی زەهایمەردا بکاتەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری دانیال سکۆڤرۆنسکی، بەرپرسی باڵای زانستی کۆمپانیای ئێلی لیلی، نووسیویەتی: پێموایە پەسەندکردنەکە دیارترین ڕووداوی ساڵ بێت بۆ ئێمە، دەشڵێت: "کەم نەخۆشی هەیە کە ترس بەرز بکاتەوە وەک نەخۆشی زەهایمەر، لەگەڵ بژاردەی کەمی چارەسەرکردن".
جەختیشی کردەوە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەرمانی "کیسۆنلا" بەردەست دەبێت بۆ نەخۆشەکان.
بەپێی وتەی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانەکە، تێچووی ماوەی شەش مانگی چارەسەرکردن بە دەرمانی "کیسۆنلا" بە نزیکەی 12 هەزار و 522 دۆلار مەزەندە دەکرێت، لەکاتێکدا تێچووی ساڵێکی تەواو چارەسەرکردن 32 هەزار دۆلارە.