رووماڵ

سەرۆک بارزانی.. بە نوێنەرایەتیی هەمووان لە بەغدا

سەرکردە سیاسییەکانی عێراق: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی گرنگ و مێژووییە

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

دوای نزیکەی شەش ساڵ، سەرۆک بارزانی بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک سەردانی بەغدا دەکات.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی تەممووزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سەرکردە سیاسیەکانی عێراق؛ سەردانی شاری بەغدا دەکات.

پرسی بودجە، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، دۆسیەی شنگال و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکان دەبن.

سەردانەکەی سەرۆک بارزانی، بۆ چارەسەرکردنی چەند پرسێکی نێوان شیعە و سووننەکانە کە هەمیشە لە بارودۆخە هاوشێوەکاندا سەرۆک بارزانی نێوەندگیریی کردوون.

دوای تێپەڕینی نزیکەی شەش ساڵ، جارێکی دیکە سەرۆک بارزانی، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی پەیویست بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و لێکنزیکردنەوەی لایەنەکانی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات.

ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ دۆزینەوەی چارەی گونجاو و کۆتاییهێنانی یەکجارییە بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی و تاوتوێکردنی چەند پرسێکی نێوان لایەن سووننی و شیعەکانی عێراقە.

سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی  بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، مووچەی مووچەخۆران، یاسای نەوت و گاز، هەڵبژاردن، پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک، هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دۆسیەی شنگال، پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای فیدراڵی  و ژمارەیەک پرسی دیکە.

سەرۆک بارزانی ڕۆڵیکی گەورەی لە لێکنزیکردنەوەی لایەنە عێراقییەکان هەبووە و لە ئان و ساتی قەیرانە قووڵەکاندا، فریادڕەس بووە، جگە لەوەی سووننە و شیعەکان هەمیشە لە کاتی گەیشتن بە بنبەست بۆ لای سەرۆک بارزانی دەگەڕێنەوە، ڕۆڵێکی گەورەتریشی لە داکوتینی ڕەگوڕیشەی پرەنسیپی پێکەوە ژیان هەبووە.

لە ماوەی ڕابردوودا لایەن سیاسییەکانی عێراق، بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی سەرۆک بارزانییان کردووە، لە دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ جەخت لە هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەوڵدان بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق کرایەوە.

لە کۆبوونەوەیەکی دیکە، سەرۆک بارزانی، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم کۆبووە و وێرای تاوتێکردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق؛ جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و لێکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرایەوە، ئەویش لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی و باشترکردنی کاروباری دامودەزگاکانی دەوڵەت.

هاوکات سەرۆک بارزانی، لەگەڵ فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووە و لە کۆبوونەوەکەدا؛  هەردوولا بیروڕایان لەبارەی بەدیهاتنی سەقامگیری و پابەندبوون بە دەستوور و قووڵکردنی چەمکی هاوبەشی ئاڵوگۆڕ کرد.

چاوەڕێ دەکرێت سەردانی ئەم جارەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا؛ چەندین کێشەی هەڵپەسێردراوی نێوخۆی عێراق چارە بکات و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش بباتە قۆناغێکی دیکەوە.