وۆڵ ستریت جۆرناڵ: کارمەندانی کۆشکی سپی لەسەر دۆخی بایدن کۆدەبنەوە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، سەبارەت بەو هەواڵانەی لەسەر جۆو بایدن بڵاوبووەتەوە، کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەک بەسەرۆکایەتی بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی جێف زیتنتس بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی ئەنجام دەدات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دوای ئەو دیبەیتەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کردی، تیمی جۆو بایدن هەوڵەکانیان بۆ هێورکردنەوەی بەخشەران و یاسادانەرانی دیموکراتەکان چڕکردووەتەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "بڕیارە جێف زینتس بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی لەگەڵ سەرجەم فەرمانبەران کۆببێتەوە".

زینتس خۆی بە ئەندامی بازنەکەی بایدن دەزانێت و بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ چاک شومەر سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی هاوڕێکانی لە پارتەکەی سەرۆکی ئەمەریکا.

جگە لەوەش، زینتس هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتی وڵات و باری دەروونی بەرپرسانی ئەمەریکا دەکات.

ڕۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" ئەوەی ئاشکرا کردووە، بنەماڵەکەی جۆو بایدن، ڕاوێژکارەکانی بایدن تۆمەتبار دەکەن و بە هۆکاری شکستەکەی لە دیبەیتی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا دادەنێن.

مێدیاکانی ئەمەریکا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئاستی بایدن لە یەکەم دیبەیت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا خراپ بووە، کە ئێوارەی پێنجشەممە لە ئەتلانتا بەڕێوەچوو، هەروەها لە کۆتایی دیبەیتەکەدا کامێراکان وێنەی ئەو ساتەیان گرت کە جیڵ بایدن هات و یارمەتی هاوسەرەکەی دا.

دوای ئەم دیبەیتە دەنگۆکان لە نێو سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووساندا بەرزتر بووەوە دەڵێن، دەبێت دیموکراتەکان دەستبەرداری بایدن بن کاندیدێکی دیکە لە شوێنی دابنێن.

بڕیارە لە 10ـی ئەیلوولدا دیبەیتی دووەمی نێوان بایدن و ترەمپ بەڕێوەبچێت، ئەمەش پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەبچێت.

Fly Erbil Advertisment