سامان سۆرانی: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا گرنگ و یەکلا کەرەوەیە

ڕاوێژکارێک لەفەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی حکوومەت بۆ حکوومەت، هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی باشدایە لەگەڵ ناوەند و ئەو سەردانە گرنگ و یەکلا کەرەوەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی تەممووزی 2024، د. سامان سۆرانی، ڕاوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی گرنگی خۆی هەیە، لە کاتێکدا عێراق هەڕەشەی لەسەرە لە ئاستی هەرێمی، نێودەولەتی و ناوخۆیی، لە هەمانکاتیشدا لە ناوخۆی عێراقدا بۆ شایی هەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، پێویستە سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە کە کاری کردووە بۆ چارە کردنی کێشەکان، کە بە فلتەری بارەگای بارزانیدا بێت و سەرۆکیش چارەسەرییان بۆ بدۆزێتەوە ئەوەش گرنگە.
ئەو ڕاوێژکارە دەڵێت، "ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ عێراقدا لەناو کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراو و ئاڵۆزدا هەیەن، کۆمەڵێک گرفتیش هەبووە کەلەکە بووە لە 20 ساڵێ ڕابردوودا و چارە نەکراوە، ئێستە پێویستە تاوتوێ بکرێن".
دەشڵیت: "هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی دەستووری خۆی بە هاوبەشی ڕاستەقینە دەزانێت لەگەڵ عێراقدا، ئایا ئەو هاوبەشییەی هەرێمی کوردستان پێی باشە و لەبەرچاو دەگرێت؟ ئەمانە هەمووی بابەتێکن سەرۆک بارزانی، لەم سەردانەدا تاوتوێی دەکات و ئەجێندای سەرۆک بارزانیش، پڕە، گرنگە و سەرەکین بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەهەمان شێوە".
ئەو ڕاوێژکارە ئاماژەی بەوەش دا، "لەسەر ئاستی حکوومەت بۆ حکوومەت، هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی باشدایە لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەوەی گرفتە لەناو خودی عێراقدا لایەنەکان زۆرن و چەندان هێزی دیکە هەیە ک ەگرفت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دروست دەکەن".
سامان سۆرانی ئاشکراشیکرد، "سەردانەکەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی، لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆدەبێتە لایەنی سەرەکین لە دامەزراندنی هاوپەیمانییەتی ئیدارەی دەوڵەت، لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەتدا کۆمەڵێک خاڵی ڕێککەوتن هەیە، لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی بەغدا، بۆ ئەوەی عێراق بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت".
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سەرکردە سیاسیەکانی عێراق؛ سەردانی شاری بەغدا دەکات.
پرسی بودجە، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، دۆسیەی شنگال و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکان دەبن.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی، بۆ چارەسەرکردنی چەند پرسێکی نێوان شیعە و سووننەکانە کە هەمیشە لە بارودۆخە هاوشێوەکاندا سەرۆک بارزانی نێوەندگیریی کردوون.
دوای تێپەڕینی نزیکەی شەش ساڵ، جارێکی دیکە سەرۆک بارزانی، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی پەیویست بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و لێکنزیکردنەوەی لایەنەکانی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات.
ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ دۆزینەوەی چارەی گونجاو و کۆتاییهێنانی یەکجارییە بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی و تاوتوێکردنی چەند پرسێکی نێوان لایەن سووننی و شیعەکانی عێراقە.