ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات: لوبنان بۆتان دەبێتە دۆزەخ

عەلی باقری کەنی، سەرپەشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڵێن دەدات کە لوبنان دەبێتە دۆزەخ بۆ ئیسرائیلییەکان، ئەو قسەیە لە کاتێکدایە کە ترسی گەورە هەیە لە هەڵگیرسانی شەڕ لە باشووری لوبنان لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-ـی تەمموزی 2024، ئاژانسی "تەسنیم"ـی ئێرانی لە زاری عەلی باقری کەنیەوە بڵاویکردەوە کە گوتیەتی، "مقاوەمە لە لوبنان، وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە بواری ئۆپەراسیۆنی مەیدانی و دیپلۆماسیدا، ڕۆڵی هەبووە لە ڕێگری پێویست".

سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد،  لوبنان دەبێتە دۆزەخ بۆ ئیسرائیلییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە.

سەرچاوە ئەمەریکییەکان باسیان لەوەکردووە، ئەگەر ڕێککەوتن و ئاگربەست لە کەرتی غەززە نەکرێت، ئەوە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەرفراوان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی دەست پێ دەکات.

دوو بەرپرسی ئەمەریکی بە ڕۆژنامەی "پۆلیتیکۆ"یان ڕاگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵا پلانی سەربازییان داڕشتووە و کار بۆ بەدەستهێنانی چەکی زیاتر دەکەن، هەروەها ڕوون نییە بە وردی کەی شەڕەکە دەست پێ دەکات.

یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی ئەمەریکای کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "جەنگی ناوێت، بەڵام خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات"، هاوکات بەیاننامە فەرمییەکانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە واشنتۆن لەگەڵ ئیسرائیل گفتوگۆی کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی، سەبارەت بە لوبنان.