یانە گەورەكان چاویان لەسەر ئەستێرەكانی دهۆك داناوە

رێوان ئەمین، هێران ئازاد و عیماد لواتی 3 ئەستێرەی یانەی دهۆك
رێوان ئەمین، هێران ئازاد و عیماد لواتی 3 ئەستێرەی یانەی دهۆك

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان گەرم دەبێت، چاوەڕێ دەكرێت لە یانەی دهۆك زۆرترین گۆڕانكاری رووبدات.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، یانەی دهۆك بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق پێشكەشی كردووە، زۆربەی یانە گەورەكانی نێوخۆیی و دەرەوە چاویان لەسەر ئەستێرەكانی یانەی دهۆك داناوە.

"هێران ئازاد بەرەو قوە جەوییە"
هێران ئازادی 24 ساڵ هاوینی رابردوو لە یانەی سیۆنی سویسرا پەیوەندی بە یانەی دهۆك كرد، ئەم ناوەراستكارە كوردە ئەم وەرزە لەگەڵ دهۆك لە كۆی 17 یاری، 9 گۆڵ و 5 ئاسیستی كردووە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە هێران ئازاد لە پەیوەندیكردن بە یانەی قوە جەوییە نزیك بووەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە یانەی دهۆك هەوڵی مانەوەی دەدات.

.

 

"عیماد لواتی بەرەو خولی كوێتی"
كوردستان24 زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە كە عیماد لواتی هێرشبەری توونسی تەمەن 30 ساڵ، لە لایەن یانەی سالمییەی كوێتی داوا كراوە.
عیماد لواتی هاوینی رابردوو لە یانەی دالكوردی سویدی بە گرێبەستێك بۆ یەك وەرزە پەیوەندی بە یانەی دهۆك كرد، ئەم هێرشبەرە لە یەكەمین وەرزی لەگەڵ زەردپۆشەكانی دهۆك 9 گۆڵی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار كرد، ئەم یاریزانە پێشتر یاریی بۆ یانەكانی نەجم ساحیلی و سەفاقسی توونسی، جیونگهامی كۆریای باشوور، دالكوردی سویدی  و ژیجیانگ پرۆفیشناڵی چین كردووە.

دهۆك لەگەڵ یاریزانەكانی دەستی بە گفتوكردووە

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، دەستەی كارگێری یانەی دهۆك لە ئێستاوە هەوڵەكانی نوێكردنی گرێبەستی یاریزانەكان دەست پێكردووە، لە چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ چەند یاریزانێكی یانەكەی دانیشتن و كۆبوونەوەی كردووە، بڕیاریشە لە دوای یارییەكەیان بەرامبەر شوڕتە لەگەڵ بەشێكی دیكە لە یاریزانەكان دابنیشێت.

.

 

2 ئەستێرەی دیكەی دهۆك داخوازییان لەسەرە
رێوان ئەمینی تەمەن 28 ساڵ دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لە یانەی دالكوردی سویدییەوە پەیوەندی بە یانەی دهۆك كرد، ئەم ناوەراستكارە كوردە بووەتە ئامانجی یانەكانی شورتە و قوە جەوییە.

یانەی دهۆك ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كۆی 36 یاری، 14 سەركەوتن و 15 یەكسانبوون و 7 دۆڕانی هەیە و 39 گۆڵیان تۆمار كردووە و بە 57 خاڵ ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەكانی عێراقیان گرتووە.

 

.