موئەید تەیب: سەرۆک بارزانی کلیلی چارەی کێشەکانی لایە
شرۆڤەکارێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەکات لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق و لێک نزیکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان بۆ دروستکردنی حکوومەت لەدوای شەش مانگی هەڵبژاردن، دەشڵێت، عەرەبەکان پێیان وایە سەرۆک بارزانی کلیلی چارەی کێشەکانی لایە.
چوارشەممە 3ـی تەممووزی 2024،موئەید تەیب، شرۆڤەکاری سیاسیی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ميدیاکانی عێراقی و عەرەبی بایەخ بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەدەن، دەشڵێت: ئەوان باس لەوە دەکەن کە سەردانێکی مێژوییە و بایەخی زۆریی هەیە، ئەوان پێیان وایە سەرۆک بارزانی کلیلی چارەی کێشەکانی لایە.
گوتی، لە 2010 پرۆسەی سیاسیی کەوتە قەیرانێک دوای هەڵبژاردن، شەش مانگ حکوومەت پێک نەهات، ئەو کاتە سەرۆک بارزانی دەستپێشخەریی کرد و لایەنە ناکۆکەکانی لە هەولێر کۆ کردەوە و ڕێککەوتنی لەنێوان دروستکردن بۆ چارەکردنی کێشەکان، دەشڵێت: ئەگەر پێداگیریی لەسەر ڕێکەوتنەکەی هەولێر کرابایە، ئێستا عێراق لە دۆخێکی زۆر باش دەبوو.
موئەیەد تەیب گوتی: سەرۆک بارزانی، سەرکردەیەکە لەسەر ئاستی نیشتیمانی ڕۆڵی هەبووە، هەمیشە ئەو ڕۆڵە گرنگەی بینیووە و دۆست و دوژمن دان بەو ڕاستیە دەنێن کە سەرۆک بارزانی ڕاستگۆ و خاوەن بەڵێنی خۆیەتی و جێی باوەڕی هەموو هێزە سیاسییەکانە.
گوتی، ئیرادەیەک هەیە لە بەغدا دەیەوێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکرێت، بەتایبەت سوودانی ئەو خواستەی هەیە، بەڵام لایەنێک هەیە کە دەیانەوێت بەردەوام ئازاری کوردستان و خەڵکەکەی بدەن، هەندێ لایەنی کوردیش هانی ئەوان دەدەن ئەو هەڵوەستە دژی کوردستان بنوێنن، دەڵێت، گومانم لەوە نییە ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی ئەنجامی زۆر باشی دەبێت.
ئاماژەی بەوە کرد کە، عەرەبەکان خۆیان دەڵێن سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە داڕشتنی دەستووری نوێی عێراق، ئەو دەستوورەی یەک لە دەستوورە هەرە باشەکانی ناوچەکەیە و دووپات لەهەر سێ خاڵی سازان، هاوسەنگیی، هاوبەشیی، دەکەنەوە، بێ ئەوە پرۆسەی سیاسی عێراق پێش ناکەوێ و کێشەکانی چارە نابێت، بە جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە کێشەکان بەرێژەیەکی زۆر چارەسەر دەبن.
دەشڵێت، عێراق کێشەی سەروەری هەیە و وڵاتان لەبری ئەو بڕیار دەدەن و دەستووەردان لە کاروباری عێراق دەکەن، گوتی: سەروەری عێراق کەم و لەنگە، عێراق دەوڵەمەندە، کەچی خەڵکەکەی لە بارودۆخێکی ئابووری خراپدا دەژین، گوتی، عێراق تەواوی سێكتەرەکانی فەرامۆش کراوە و پاشکەوتووە.
کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-07-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد ئەلتەمیم و فواد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.
ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ بەغدا پێکدێت لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لە شاری بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق دەکات و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان دەبێت.