رووماڵ

عادل باخەوان: سەرۆک بارزانی بە چەتری کۆکەرەوەی هەموو عێراقییەکان پێناسە دەکرێت

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق
عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، دەڵێت: سەرۆک بارزانی 50 ساڵ ئەزموونی لەگەڵ بەغدا هەیە. هەروەها دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا لاپەرەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێنەوە. هاوکات گوتیشی: ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی لە کاتێکدایە کە دەبێت ئیدی کورد پێی خۆی لە بەغدادا نەبڕێت.

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا یەکەم جار نییە و کۆتا جاریش نابێت، بۆ یەکەمین جار جەنابیان لە ساڵی 1970 سەردانی بەغدای کرد، لە ڕاستیدا بەغدا بۆ ئەو کەسانەی ئێستە کە حوکمی دەکەن تازەیە، بەڵام بۆ کەسێکی وەک سەرۆک بارزانی بەغدا تەمەنی 50 ساڵە و بەردەوام ئەزموونی لەگەڵدا هەبووە.

بەڕێوەبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ئاماژەی بەوە دا، عێراق چەندە هی سوننە و شیعەیە ئەوەندەش هی کوردە، کورد دەستووری بۆ عێراق نووسیەوە و پەرلەمانی بۆ دروست کردووە، هەروەها بەشداریی لە کەوتنی سەدام کردووە، ئەگەر کورد بەغدا جێبهێڵێت، ئەکتەری دیکە شوێنی پڕ دەکاتەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، کورد دەبێت خۆی بە خاوەنی بەغدا بزانێت، کورد دەبێت بە ناوی شەرعییەتی بەغداوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسە بکات. هاوکات دەڵێت: کورد باوکی ڕۆحیی سیاسەتی عێراقە، دەبێت کورد ڕێنیشاندەری لایەنە سیاسییەکانی بەغدا بێت.

عادل باخەوان، گوتیشی: هەولێر بووە بە مەڵبەندی پێکەوەژیانی هەموو عێراقییەکان و سەرۆک بارزانیش بە چەتری کۆکەرەوەی هەموو عێراقییەکان پێناسە دەکرێت.

سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا لە کاتێکدایە کە دەبێت ئیدی کورد پێی خۆی لە بەغدادا نەبڕێت، بەڵکو دەبێت خۆی بکات بە خاوەنی بەغدا. بەڕێوەبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق،  ئاماژەی بەوەش کرد، دوای سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێتەوە.