رووماڵ

غەیس تەمیمی: هەرێمی کوردستان هۆکاری خۆڕاگریی و مانەوەی عێراقە

غەیس تەمیمی، سەرۆکی پرۆژه‌ی مواتەنە له‌ عێراق
غەیس تەمیمی، سەرۆکی پرۆژه‌ی مواتەنە له‌ عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پرۆژه‌ی مواتەنە له‌ عێراق، دەڵێت: هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی مانەوەی عێراقە بە یەکگرتوویی، هەروەها سەقامگیری عێراق بەندە بە سەقامگیری هەرێمی کوردستانەوە.

غەیس تەمیمی، سەرۆکی پرۆژه‌ی مواتەنە له‌ عێراق، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، عێراق هیچ شتێکی لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی بە هەنگاوی جێگیر بەرەو پێش بچیت. عێراق هیچ دەرفەتێکی نییە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە دواوە و دەست بە دیکتاتۆری و داگیرکاری بکاتەوە.

سەرۆکی پڕۆژه‌ی مواتەنە له‌ عێراق، دەڵێت: ئێستە سێ قەیرانی سەرەکی بەرۆکی عێراقیان گرتووە، یەکەمیان؛ قەیرانی پەیوەندیی هێزە سیاسییەکان لەگەڵ دەستووری عێراقی، دەبێت هەرچی زووە ئەم کێشەیە چارە بکرێت. دووەمیان؛ دۆسییەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هەرێمیی؛ عێراق بەرپرسە لەوەی جەخت لە بێلایەنی خۆی لە ململانێکانی ناوچەکە بکاتەوە. سێیەمیان؛ قەیرانی دۆسیەی ئەمنییە، کە نابێت گرووپە چەکدارەکان و تیرۆرستان هەڕەشە لە ئەمن و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بکەن.

ناوبراو لە بارەی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، گوتی: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بۆ بەرزنرخاندنی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ گفتوگۆ و دانوستانی ئەو لێژنانەی لە ماوەی ڕابردوو سەردانی بەغدایان کردووە بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر بەغدا، هەرێمی کوردستان بە بوونی سەرۆک بارزانی بەهێزە.

هەروەها گوتیشی: هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی مانەوەی عێراقە بە یەکگرتوویی، هەروەها سەقامگیریی عێراق بەندە بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

باسی لەوەش کرد، هەرێمی کوردستان بە تەنیا نییە، بەڵکو خەڵکی هەموو پارێزگەکانی عێراق و سەرجەم سەرکردەی هۆزەکانی عێراق پاڵپشتی هەرێمی کوردستانن.

لەبارەی سوودانییەوە، غەیس تەمیمی. دەڵێت: سوودانی باش لەوە تێگەیشتووە کە پێویستە پەیوەندییەکی جێگر و سەقامگیر لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت.

تەمیمی باسی لە فیدراڵییەت کرد و جەختی لەوە کردەوە، دەبێت لە عێراق فیدراڵییەتێکیش بۆ سوننە هەبێت، لەگەل ئەوەم هەرێمی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا هەبێت.